لویس ساکۆ بۆ سەرۆک بارزانی: سوپاسگوزاری هەڵوێستەکانتین بۆ پاراستنی کریستیانەکان

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆکی کەنیسەی کلدان لە عێراق و جیهان کرد و بارەگای بارزانی دەڵێت، سوپاسی سەرۆک بارزانی کردووە لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی بۆ پاراستنی پێکهاتەی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-08-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی و غیبتەی پاتریارك كاردیناڵ مار لویس رۆفائێل ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان کۆبوونەوە. 
 
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ پاراستنی پێكهاتەی كریستیان و پاڵپشتیكردنی داواكارییەكانیان و پێدانی دڵنیایی بۆ گەرەنتیبوونی ئاییندەیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق."
 
لویس ساکۆ لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە: "كریستیانەكانی دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش سوپاسگوزاری هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانین."
 
بە گوێرەی بارەگای بارزانی: "سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە كە كریستیانەكان و سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان وەك بەشێك لە گەلی خۆمان دەزانین، بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە مافەكانیان دەكەین و ئەوە لەلای ئێمە وەك پرەنسیپێكی نەگۆڕە."
 
"بارودۆخی سیاسیی عێراق و دۆخی كەركووك و چەند بابەتی پەیوەست بە پێكهاتەكان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون." بارەگای بارزانی وای گوت.