لە باکووری کوردستان و تورکیا دەست بەسەر 1.5 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا کە لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، 63 کەس دەستبەسەرکران و دەستیش بەسەر 1.5 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا. 

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئاب لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی ئامەد، روها، چەولیگ، مێردین، ئیدر، ئەرزەرۆم و ئێلیهـ ـی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئانتاڵیا، کۆجائەلی، کرکڵارئەلی، ساکاریا، مانیسا، ئەدیرنە، ئادانا، سینۆپ، کارابوک، ئیسپارتا و تەکیرداغ ـی تورکیا دەستیپێکردووە. 
 
بە گوتەی یەرلیکایا، لە ئەنجامی پشکینی ناونیشانەکاندا دەست بەسەر، یەک تۆن و 521 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر، 11 ملیۆن و 9936 هەزار و 886  تۆی کەنەڤیر و چوار هەزار و 544 حەبی هۆشبەردا گیراوە.
 
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لە 7 پارێزگای باکووری کوردستان و 11 پارێزگای تورکیا بەڕێوەچوو، 63 کەس دەستبەسەرکران، 46 کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و یەک کەس بەمەرجی دادوەری ئازاد کرا.