نێچیرڤان بارزانی و فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان: داعش هێشتا مهترسييهكى راستهقينهيه
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان هاوڕان لەسەر ئەوەی؛ داعش هێشتا مهترسييهكى جددى و راستهقينهيه لەسەر ئارامى و سهقامگيريى ناوچه‌كه.
به‌يانيى ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه، 22-8-2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ كيڤن ليهى، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له عێراق و سووريا و شاندێكى ياوه‌رى، دۆخى ئه‌منيى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێ كرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان "هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه داعش هێشتا مهترسييهكى جددى و راستهقينهيه و به په‌لاماره‌كانى له عێراق و سووريا، هه‌ڕه‌شه‌ى به‌رده‌وام له ئارامى و سهقامگيريى ناوچه‌كه ده‌كات. له‌مباره‌يه‌وه جه‌ختيان له گرنگى و پێويستيى به‌رده‌واميى ئه‌رکی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و هاريكاريى هاوبه‌شى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى هاوپه‌يماناندا كرده‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و دڵنيابوونه‌وه له تێكشكاندن و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش."
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌دا دوايين هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى يهكخستنهوهى پێشمه‌رگه و چاكسازى له وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه خرانه به‌ر باس و داكۆكى له سه‌رخستنى پرۆسه‌كه كرا.
نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه هه‌رێمى كوردستان موكوڕه له سه‌رخستنى چاكسازى و يهكخستنهوهى پێشمه‌رگه و نه‌هێشتنى ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌مى، هه‌روه‌ها ستايشى هاريكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له پرۆسه‌كه كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه وه‌زیری پێشمه‌رکه، سوپاسالاری پێشمه‌رگه و كۆنسوڵى گشتيى ئه‌مريكا له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، باس له دوايين پێشهاته‌كان و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست كرا. هه‌ردوولا جه‌ختيان له پێويستيى پاراستنى سه‌قامگيرى و دوورخستنه‌وه‌ى ناوچه‌كه له پشێوى و ئاڵۆزيى زياتر كرده‌وه.