پەرلەمانتارێکی یەکێتی: دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران خەتای وەزارەتی دارایی عێراق نییە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەدواداچوونیان بۆ کێشەی نەختینە لە بانکی ناوەندیی عێراق کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، عێراق کێشەی نەختینەی نییە. دەشڵێت، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە کێشەی لیستەکانی مووچە هەیە.
 
غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک دووبارە دەبێتەوە و ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی گرفتەکە چارەسەر نەکات لە خاوێنکردنەوەی لیستەکان و بەجێکردنی مووچە، ئەوە ساڵی داهاتوو کێشەکان قووڵتر دەبنەوە.
 
ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستی دەزانێت، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزیری دارایی عێراق، کە کوردە راستییەکان بە خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵێن، رایگەیاند، "پێویستە راستییەکان بە خەڵک بڵێن و دەستلەکاربکێشنەوە."
 
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی گلەیی لە بریکاری وەزیری دارایی عێراق هەیە، "بریکاری وەزیری دارایی عێراق ئامادە نییە زانیاریی تەنانەت بە پەرلەمانتارانیش بدات و وەڵامی تەلەفۆنەکانمان ناداتەوە."
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 21-08-2024 لە روونکردنەوەیەکەدا ئۆباڵی دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خستە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق. 
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە تۆمەتبارکردنی بەغدا "بێ بنەمایە" و دەڵێت: "تۆمەتبارکردنی بەغدا بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکان لەکاتێکدا کە هەرێمی کوردستان خۆی هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و بەجێکردنی مووچە بێ بنەمایە، پێویستە هەرێمی کوردستان بیانوو نەداتە دەست بەغداوە تاوەکو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەگاتە 40 رۆژ و 50 رۆژ جارێک."
 
سەبارەت بە روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایش، غەریب ئەحمەد گوتی، "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی راستییەکان بە خەڵک بڵێت لەبارەی لیستەکانی مووچە، دێت هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەوەش بۆ شاردنەوەی راستییەکانە."