رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان بەڕێوەبرد. فوئاد حوسێن گوتی، لەگەڵ هاکان فیدان یەکێک لەو بابەتانەی باسیان کردووە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بووە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و "هیوادارین بگەینە چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە."
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە چەندین پرس کردووە لەوانە؛ پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات، دۆخی دەروازە سنوورییەکان، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە و فورات و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە ماوەیەکی سنوورداردا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا گەشەی کردووە و بەردەوام لە گەشەکردندایە. گوتیشی، "هەردوو وڵات رووبەڕووی گۆڕانکاریی کەشوهەوا دەبنەوە"، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا، هەڕەشە لە کشتوکاڵ و دانیشتووانی عێراق دەکات، بۆیە لەو رووەوە پێویستیان بە هاوئاهەنگیی تورکیایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی قسەکانی دا گوتی، "پشتگیری لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکەین کە بە پێشڕەویی بەڕێز سوودانییە. لەوباوەڕەداین ئەو پڕۆژەیە عێراق دەکاتە ناوەندیکی گرنگی گواستنەوە. هاوکات لەو باوەڕەداین پڕۆژەکە رۆڵی باشی لە بووژانەوە و سەقامگیریی ناوچەکە هەبێت، بۆیە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی پشتگیری لەو پڕۆژەیە بکەن."
فیدان باسی لەوەش کرد، "پەکەکە کە دوژمنی هاوبەشمانە، نابێت رێگەی پێبدەین پەیوەندییەکانی نێوانمان ژەهراوی بکات. ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر ئەوەی کە پەکەکە هەڕەشە لە سەروەریی خاکی عێراق دەکات. پەکەکە هەڕەشە لە سەروەریی عێراق دەکات و ئێمە ناتوانین لە ئاست ئەمە بێدەنگ بین. رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە شنگال، مەخموور، قەندیل، سلێمانی و زۆر گوندی عێراقی داگیرکردووە. بێ گوێدانە سنوور، رێڕەوێکی تیرۆری لە نێوان عێراق و سووریا دروستکردووە و لە هەوڵی یەکخستنی ئەو دوو ناوچەیەیە."
یەکێکی دیکە لە بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەو دوو وەزیرە وەکو فوئاد حوسێن باسی کرد، دۆخی ئەمنی بووە. لەوبارەوە وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "ئێمە پابەندین بە دەستووری عێراق و باوەڕی تەواومان پێی هەیە کە رێگە بە هیچ رێکخراو، یان حیزب و لایەنێک نادات خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە."
هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا گوتی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق باسی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆیان" کردووە و دەشڵێت، "ئامادەین لەگەڵ عێراق هاوئاهەنگی بکەین بۆ رووبەڕبوونەوەی پەکەکە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە سەروەریی خاکی عێراق کرد و گوتی، "ئەوە بۆ ئێمە گرنگە". گوتیشی، "چاوەڕێ دەکەین عێراق پەکەکە وەکو 'رێکخراوێکی تیرۆریستی' بناسێنێت."
وەکو هاکان فیدان دەڵێت، "پەکەکە شنگال، مەخموور، قەندیل، سلێمانی و زۆر شوێنی دیکەی عێراقی داگیرکردووە."
ئەو وەزیرەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە عێراق بۆ ئەوان گرنگە و گوتیشی، پێویستە رێگە بە پەکەکە نەدرێت پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە تێکبدات. لەبارەی ئاویشەوە، هاکان فیدان گوتی، هەڵوێستێکی مرۆڤانەیان دەبێت.
دەقی قسەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق:
باسی کۆمەڵێک بابەتی جیاوازمان کرد و کۆبوونەوەیەکی گرنگ و کردەییمان هەبوو، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق گرنگە و ئێمە گرنگی بە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دەدەین... هەندێک کات، هەندێک کێشە و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکان دروست دەبن، بەڵام پرەنسیپمان لە مامەڵەکردنیان لەگەڵیاندا چارەسەرکردنیانە لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن.
لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ رێزدار وەزیری برام، باسی بابەتی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانی عێراقمان لە رێگەی هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان کرد، هیودارین بگەینە چارەسەری ئەو کێشەیە.
دۆخی ئەمنی و سەربازی بەشێک بوو لە گفتوگۆ گرنگەکانی نێوان هەردوولا، پابەندین بە دەستووری عێراق و جێبەجێکردنی و بڕوامان پێیەتی، کە رێگە نادات هیچ لایەنێک، پارت و رێکخراوێک سوود لە خاکی عێراق وەربگرێت یان بەکاری بهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دراوسێکانی. هەروەها باسی بوونی سوپای تورکیامان کرد لە عێراق.
باسی گومرگی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نێوان هەردوولا کرا لەگەڵ ڤیزا و چۆنێتیی ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا کە نزیکەی حەوت هەزار عێراقی لە تورکیا دەژین. وەبەرهێنانی عێراق لە تورکیا بەهێزە، بەتایبەتی لە بواری خانووبەرە. کارکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا و کرێکارانی تورکی لە عێراق ئەمە پێویستی بە ئاسانکارییە بۆ پێدانی ڤیزا لەنێوان هەردوولا. باسی کاری لیژنەی هاوبەشمان کرد، بەتایبەتی لیژنەی ئابووری و بازرگانیی هاوبەش، گرنگە بەپەلە لیژنەکە کۆببێتەوە.
باسی کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنمان کردووە کە رەشنووسەکەی ئامادەیە، پێویستە بەپەلە بکرێت بۆ ئەوەی رێککەوتنی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردن. هیودارین زەمینەی لەبار هەبێت و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکان لەنێوان هەردوولا گەڵاڵەبن بۆ زەمینەسازی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.
لەگەڵ وەزیری تورکیا کارمان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی ئیسلامفۆبیا و دووپاتمان کردەوە کە لە کارکردن بەردەوام دەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە کە دەبێتە جیاکاریی رەگەزی و ئایینی و کێشەی کۆمەڵایەتیی نێوان وڵاتان. پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا زۆر بە خێرایی پێشدەکەوێت، بەردەوام لە گەشەکردنە، بەشێکی زۆریان سوودیان بۆ تورکیا دەبێت، بەڵام پێویستیی بازاڕی عێراق بڕی سوودەکە دیاری دەکات. نزیکەی 850 کۆمپانیای تورکی لە عێراق کاردەکەن. زۆربەیان لە بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە کاردەکەن.
باسی بابەتی ئاو-مان کردووە، هەردوو وڵات رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتەوە، سەرچاوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات لە تورکیا، پێویستیی بەشە ئاوی دادپەروەرانە، بەشێک بوو لە کۆبوونەوەکە. سوپاسی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەین کە پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانە.
گوتەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا:
میدیاکارانی بەڕێز... خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە بەغدام. بەتایبەتی دەمەوێ خۆشحاڵیی خۆم رابگەیێنم میوانی هاوڕێی خۆشەویستم، بەڕێز یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێنم. هەروەک بەڕێزیان باسیانکرد، پێشتریش بە ئەرکی جیاواز بەردەوام سەردانی عێراق و بەغدام دەکرد. لە راستیدا لە عێراق هاوڕێ و دۆستی زۆرمان هەن کە لە قەیران و کێشە جیاوازەکاندا بەیەکەوە کارمان کردووە. بەیەکەوە رەنجی زۆرمان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان داوە. ئێستا لە قۆناخی نوێدا وەکو وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا، دووبارە لەگەڵ هاوڕێ بەهادارەکانم، لە سەرووی هەموویانەوە بەڕێز فوئاد حوسێن، لە گەیاندنی پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستی باڵا و دابەزاندنی کێشەکانمان بۆ کەمترین ئاست، بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم کە بە گیانێکی نوێوە کاردەکەین.
هاوڕێیانی ئازیز.. ئێمە وەکو کۆماری تورکیا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بابەتێکە کە لە سیاسەتی دەرەوەماندا زۆرترین گرنگیی پێدەدەین و لەپێشینەیە. پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، یەکێتیی سیاسی و سەقامگیرییەکەی خاڵی لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەمانە. هەروەک چۆن تاوەکو ئەمڕۆ پارێزگاریمان لەم هەڵوێستەمان کردووە، لەمەودواش بە وردی درێژەی پێدەدەین. ئێمە عێراق وەکو هاوبەشێکی متمانەپێکراو دەبینین کە دەکرێ بەیەکەوە بگەینە ئامانجە ستراتیجییەکان. لەو باوەڕەداین خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی عێراق، رۆڵی ئەرێنی لە خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی تورکیادا هەبێت. هەر بۆیە دەمەوێ بڵێم پشتگیری لەو حکومەتە دەکەین کە بەڕێز سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی پێکیهێناوە، بەتایبەتیش بەڕێزەوە لەو هەوڵانەی دەڕوانین کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژێرخانی وڵاتەکەی، دەیدات.
هەروەها بە جیدی پشتگیری لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکەین کە بە پێشڕەویی بەڕێز سوودانییە. لەوباوەڕەداین ئەو پڕۆژەیە عێراق دەکاتە ناوەندیکی گرنگی گواستنەوە. هاوکات لەو باوەڕەداین پڕۆژەکە رۆڵی باشی لە بووژانەوە و سەقامگیریی ناوچەکە هەبێت، بۆیە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی پشتگیری لەو پڕۆژەیە بکەن.
میدیاکارانی بەڕێز.. هەروەکو بەڕێز وەزیر کەمێک بەرلەئێستا گوتی: لە کۆبوونەوەکەماندا بابەتی زۆر جۆراوجۆرمان باسکرد. لە سەرووی هەموویانەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دێت. پەکەکە کە دوژمنی هاوبەشمانە، نابێت رێگەی پێبدەین پەیوەندییەکانی نێوانمان ژەهراوی بکات. ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر ئەوەی کە پەکەکە هەڕەشە لە سەروەریی خاکی عێراق دەکات. پەکەکە هەڕەشە لە سەروەریی عێراق دەکات و ئێمە ناتوانین لە ئاست ئەمە بێدەنگ بین. رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە شنگال، مەخموور، قەندیل، سلێمانی و زۆر گوندی عێراقی داگیرکردووە. بێ گوێدانە سنوور، رێڕەوێکی تیرۆری لە نێوان عێراق و سووریا دروستکردووە و لە هەوڵی یەکخستنی ئەو دوو ناوچەیەیە.
لە هەموو ئاستێک پشتگیری لە بەرەنگاربوونەوەی برا عێراقییەکانمان دەکەین لە دژی پەکەکە، کە بووەتە داردەستی هێزە ئەمپریالیستەکان. جگە لەوە وەکو پێویستییەکی برایەتی و هاوڕێیەتیمان چاوەڕێ دەکەین بە فەرمی پەکەکە وەکو رێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنن. ناوەکەی هەرچیەک بێت؛ پەکەکە یان داعش، ئامادەین لەگەڵ عێراق هاوئاهەنگی بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر رێکخراوێکی تیرۆرستی کە هەڕەشە لە سەروەریی خاکی عێراق و یەکێتیی سیاسیی عێراق بکات و چاو ببڕێتە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی برا عێراقییەکانمان و تاوانی مرۆیی بکات.
میدیاکارانی بەڕێز.. تورکیا زۆر گرنگیی بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات. ئێستا لەم ساتەدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە 25 ملیار دۆلار نزیکدەبێتەوە، بەڵام دەمەوێ ئەمەش بڵێم کە ئەم ژمارەیە زۆر لە خوار توانای راستەقینەی بازرگانیی ئێمەیە. بێگومان بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئەمە پێویستمان بە چەند هەنگاوێکی دوولایەنەیە. ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەرێز وەزیریش باسکرد، چەند هەنگاوێکی یاسایی هەن کە دەکرێ بەیەکەوە کاریان لەسەر بکەین. هەروەها بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد لەبارەی کەمکردنەوەی کێشەکانی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات و لەم بابەتەشدا گەیشتینە بیروڕای هاوبەش. هەروەها باسی ئاویشمان کرد کە رۆژەڤی گرنگی هاوبەشمانە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی گرفتی کەمبوونی ئاو لە عێراق دەکەین. لە سەرووی هەمووانەوە بەڕێز سەرۆککۆمارمان، ئێمە بە تەواوی بە هەڵوێستێکی مرۆییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکەین. هەروەک دەزانن ناوچەکەمان لە چەند ساڵی دواییدا بە وشکەساڵیدا تێدەپەڕێت. لە بابەتی ئاودا دیالۆگێکی جیدیمان هەبوو و هەوڵی هاوئاهەنگی بێبڕانەوە دەدەین. لەم بابەتەدا لەگەڵ هاوڕێی بەهادارم، گەیشتینە رای هاوبەش لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی زیاتر دامەزراوەیی و سیستەماتیک کار لەسەر بابەتەکە بکەین.
میدیاکارانی بەهادار.. بابەتێکی دیکەش کە رۆژەڤمان بوو، هێرشکردنە سەر کتێبی پیرۆزمان قورئانی کەریم بوو. ئەم هێرشانە بۆ سەر قورئانی پیرۆز لە ئەوروپا کاتی بەر لە جەنگی جیهانیی دووەممان بیردەخاتەوە. ئەوکاتە کە بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، دواجار بە کامپە زۆرەملیکان کۆتاییهات. پێویستە ئێمە وەکو جیهانی ئیسلامی بەیەکەوە بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببینەوە. مانگی رابردوو بە دەستپێشخەریی هاوڕێم بەڕێز فوئاد حوسێنیش، ئێمەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کۆبوونەوەیەکی نائاساییمان کرد. لە ئەنجامی هەوڵەکانمان لە ژێر چەتری رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە نەفرەت لە ئایین و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناسێندرا. ئەمە هەنگاویکی مێژوویی بوو لە بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیکردنی ئیسلام، هەر بۆیە من بەهۆی هەوڵەکانییەوە دووبارە دەمەوێ سوپاسی بەڕێز هاوڕێم (فوئاد حوسێن) بکەم. لە کۆبوونەوەکەماندا ئاماژەمان بە بوونی توانای هەردوولا کرد بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانمان. من سوپاسی بەڕێز هاوڕێم فوئاد حوسێن دەکەم بۆ ئەو پێشوازییەی لە من و شاندەکەم کردی. هەروەها هیوام وایە مانگی موحەڕەم کە خۆشەویستی، هاوبەشیکردن و هاوکاری بەهێز دەکات، بۆ موسڵمانان و جیهان ببێتە مایەی خێر.
زۆر سوپاستان دەکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ