دوو کرێکار لە کەرکووک بە کارەبا گیانیان لەدەستدا؛ 7 ساڵ بوو بەیەکەوە کاریان دەکرد


رووداو دیجیتاڵ

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو کرێکار لە کەرکووک لە کاتی کارکردندا بە کارەبا گیانیان لەدەستدا. هێمن مەجید کە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، لەگەڵ هێمن بورهانی تەمەن 53 ساڵان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا کە ئەویش دوو منداڵی هەیە و تەرمەکانیان لە تەنیشت یەکدی بەخاک سپێردران. 
 
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی ئازادیی کەرکووک باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە 15 رۆژە ئەو کرێکارانە سەرقاڵی لەبغکردنن لە خانوویەکی گەڕەکەکەدا. جومعە هاوڕێی وەستا هێمن بوورهان بووە و دەڵێت، نیوەڕوان بەیەکەوە دەچوونە مزگەوت بۆ نوێژکردن و چەند جارێک پێیگوتووە کە بەهۆی تەلی کارەباوە شوێنی کارەکەیان مەترسیدارە.
 
جومعە عەباس، دانیشتووی گەڕەکی ئازادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "[وەستا هێمن] گوتی 'شوێنەکەمان مەترسیدارە و کارەبای لێیە'. دوای نوێژ تەلەفۆنیان بۆم کرد و گوتیان وەستا هێمن کە ئەسکەلەی سووڕاندووە، بەر کارەباکە کەوتووە و هەردووکیان مردوونە."
 
تەرمی هەردوو کرێکارەکە لە رێوڕەسمێکی قەرەباڵخدا بردرانە گۆڕستان و بەخاک سپێردران. ئەو دوو کرێکارە زیاتر لە 7 ساڵە بەیەکەوە کار دەکەن، بەیەکەوەش گیانیان لەدەستدا و لە تەنیشت یەکدیش بەخاک سپێردران. 
 
برایەکی هێمن مەجید دەڵێت، وردەکاریی رووداوەکە نازانن، بەڵام ئاری کە یەکێکە لە کرێکارەکان و بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بووە، بۆی باسکردوون کە ئەسکەلە لەدەستیان دەرچووە و بەر کارەبای گشتیی گەڕەکەکە کەوتووە.
 
جەمال مەجید، برای یەکێک لە قوربانییەکان بە رووداوی راگەیاند، "بەیانی [براکەی] گوتی بۆ کار دەڕۆم، گەیشتە نزیک 12ی نیوەڕۆ تەلەفۆنێکم بۆهات ژمارە بوو، گوتی 'بگەرە هێمنی برات و وەستا هێمن هەردووکیان کارەبا گرتوونی'. من شۆک بووم، زانیم هی ئەوە نییە مابێتن، پێشتر کرێکاری دیکەی دەکرد، بەڵام بووە وەستای لەبغ، حەوت ساڵە بەیەکەوە کار دەکەن."
 
ئومێد خالید، برای بریندارەکە باس لەوە دەکات، براکەی هۆشی هەیە و بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام دەست و قاچی تەقیوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری وەردەگرێت. هەردوو کرێکارەکە خێزاندارن و یەکی دوو منداڵیان هەیە. یەکێک لە منداڵەکانی هێمن بوورهان، نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە.