چالاکییە بازرگانییەکانی دەروازەی میهران بۆ ماوەی 22 رۆژ رادەگیرێن

22-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی شاری میهران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی سەردانی زیارەتکارانی شیعە بۆ عێراق، بۆ ماوەی 22 رۆژ هەموو چالاکییە بازرگانییەکانی دەروازەی سنووریی میهران رادەگیرێن.
 
عەلی عەباس شافیعی، قایمقامی شاری میهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لە لیدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممە، 21ی ئابی 2023، تاوەکو 11ی ئەیلولی 2023، هەموو چالاکییە بازرگانییەکانی دەروازەی سنووریی میهران رادەگیرێن، هەروەها هاتووچۆی گەشتیارانی ئاساییش لەو سنوورەوە دەوەستێنرێت.
 
بە گوتەی عەلی عەباس شافیعی، دەروازەی سنووریی میهران لەو ماوەیەدا تەنیا بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعەیە، کە دەیانەوێت بە مەبەستی بەشداریی لە مەراسیمەکانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بچنە عێراق کراوەیە. راگرتنی چالاکییە بازرگانییەکان لەو دەروازە سنوورییە بە مەبەستی ئاسانکاریی هاتووچۆی زیارەتکارانە.
 
شافیعی باسی لەوەشکرد، دەرگای دەرچوون لە سنووریی میهرانەوە بەرەو سنووریی زەرباتیەی عێراق لە دوو دەرگاوە بۆ پێنج دەرگا زیاد کراوە و لەسەر بنەمای ئەمەش هیچ کێشەیەکمان نابێت لە هاتووچۆی سەردانیکەران بۆ چوونە ناو عێراق. گوتیشی، هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنی عێراقی کراوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی پاسپۆرتەکان لە هەردوو دیوی سنوور خێراتر بکرێت و بەو میکانیزمەی کە دانراوە، کۆنترۆڵکردنی هەر پاسپۆرتێک لەو سنوورە تەنیا 10 چرکەی پێویستە.
 
سەبارەت بە کەسانی بیانی، قایمقامی میهران داوای لێکردن،  بیانییەکان دەبێت بچنە دەروازەی  سنووریی چەزابە لە پارێزگای خوزستان و سەردانی دەروازەی سنووریی میهران نەکەن، چونکە عێراق لە سنووریی میهرانەوە رێگە بە چوونە ناوەوەی بیانییەکان نادات.
 
دەروازی سنووریی میهران یەکێک لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە کە ساڵانە زۆرترین هەناردەی دەروازە سنوورییەکانی ئێران لەوێوە دەکرێت.
 
روحوڵڵا غولامی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئێلام رۆژی یەکشەممە، 20-08-2023 رایگەیاند، 25٪ی هەموو هەناردەی ئێران کە لە رێگەی وشکانییەوە دەکرێت، لە دەروازەی سنووریی میهرانەوەیە و گوتی، لە ساڵی رابردوودا سێ ملیۆن و 200 هەزار تۆن کەلوپەل، کە بایی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە، لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراوە.
 
سەبارەت بە ژمارەی گەشتیارانیش روحوڵڵا غولامی گوتی، پار پێنج ملیۆن و 821 هەزار کەس لەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە. 
 
بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام رۆژی 27ی تەممووزی 2023 ئامارێکی لەبارەی هەناردەکردنی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی میهرانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن کەلوپەل بە بەهای 537 ملیۆن دۆلار لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراوە، کە بەروارد بە ساڵی رابردوو 9٪ زیاترە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە