ئاگر لە دارستانەکانی بانە، مەریوان و کامێران کەوتووەتەوە

22-08-2023
فواد حەقیقی
ئاگری دارستانەکانی مەریوان
ئاگری دارستانەکانی مەریوان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دارستانەکانی ناوچەی ئارمردە لە بانە دەسووتێن و هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. لەلایەکی دیکەوە دارستانەکانی شیوەلێ بەیانیی کوژێنرایەوە. ئاگرێک دوو رۆژ بوو بست بە بستی ئەو دارستانەی دەسووتاند، دوای سووتانی رووبەرێکی زۆر، بە هەوڵی ئەندامانی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی پاژینی بانە و خەڵکی خۆبەخش کوژێنرایەوە.
 
ژینگەپارێزان دەڵێن، 30 ساڵیش دەبێت ئەو شوێنە ئاگری نەگرتووە، بەڵام ئەمساڵ سووتا. بەهۆی بارانی بەهارەوە، ئەمساڵ گژوگیا زۆر بووە و ئەمەش بووەتە مەترسی بۆسەر دارستانەکان. رۆژی دووشەممە، شاخی پشت گوندەکانی تیانە و سراوکام لە ناوچەی کامێرانیش سووتا. ئەوێش بە هەوڵی خەڵکی خۆبەخش و ژینگەپارێزان کوژێنرایەوە.
 
ئاگرەکانی ئەم ساڵ سەدان هێکتار دارستانیان سووتاندووە. ئەمە هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس، بەڵام هۆکاری دیکەش هەن کە مەترسییان لەسەر پێنج ملیۆن و 500 هەزار دارستانی زاگرۆس دروست کردووە.
 
محەممەد دەروێش، سەرۆکی کۆمیتەی ژینگە لە یونسکۆ، گۆڕینی رێڕەوەکانی ئاو وەکو هۆکارێکی وشکبوونی دارستانەکان لە قەڵەم دەدات و دەڵێت، زۆر پڕۆژە بۆ گۆڕینی رووبارەکان جێبەجێ کراوە، کە کاریگەریی لەسەر زاگرۆس هەبووە، هەروەها ژمارەی مەڕوماڵات زۆر زیادی کردووە و کشتوکاڵ و باخداری لەنێو دارستانەکاندا پەرەی سەندووە کە ئەمە زاوزێی سرووشتی لە زاگرۆس لەنێو بردووە. دەشڵێت، لەلایەکی دیکەوە دروستکردنی خەڵووز و سوتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەکان بۆ زەویی کشتوکاڵیش، زۆر زیاتر بووە.
 
دارستانەکانی زاگرۆس 40٪ـی ئاوی خواردنەوەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دابین دەکەن، بەربەستێکی گەورەی سرووشتیی بەردەم خۆڵبارینەکانن و بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، سەرچاوەی ژیانی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسن، بۆیە لەنێوچوونیان کاریگەریی لەسەر کۆی ژینگەی مرۆیی و ئیکۆسیستمی ناوچەش دەبێت.
 
سەرەڕای ئەو گرنگییەی دارستانەکانی زاگرۆس هەیانە، زۆر کەس و لایەن بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆیان دەیانسووتێنن.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.