دەستەی وەبەرهێنان: ستانداردەکانی بیناسازیمان لە عێراقییەوە گۆڕیوە بۆ ستانداردی نوێ و جیهانی

22-08-2023
هیدایەت جان
پڕۆژەیەکی تەواونەکراو لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
پڕۆژەیەکی تەواونەکراو لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا سەرجەم پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبێت بە کەرەستەی ناوخۆیی دروستبکرێن و کۆد و ستانداردە بیناسازییەکانیان لە هەرێمی کوردستان گۆڕیوە بۆ ستانداردی نوێ و جیهانی و بەم نزیکانە کار بەو ستانداردە نوێیە دەکرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "دوو جۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان هەن کە بە تێچووی زۆر و تێچووی کەم دروستدەکرێن، بۆیە نرخی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون پێماندەڵێن ئاخۆ ئەو پڕۆژەیە کوالێتی بەرزە یاخود نزم".
 
بە گوتەی د. هەڤاڵ سدیق، "هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی وەبەرهێنان وەردەگرێت، لە دەستپێکەوە تاوەکو رادەستکردنی بە هاووڵاتی، لەڕووی ئەندازەییەوە بە دوو قۆناخدا تێدەپەڕێت، لە قۆناخی یەکەم کە مۆڵەت بە پڕۆژەکە دەدرێت، نەخشەی پڕۆژەکە لەلایەن نووسینگەی ئەندازیاریی راوێژکارەوە دروستدەکرێت، کە بەگوێرەی رێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و دواتر ئەو نەخشەیە دەنێردرێتە نووسینگەیەکی ئەندازیاریی راوێژکاریی بۆئەوەی وردبینی ئەندازەیی بۆ بکرێت، دواتر لە دەستپێکی پڕۆژەوە تاوەکو کۆتایی لەلایەن دەستەکەمانەوە چاودێری کارەکانی دەکرێت".
 
سەرباری ئەو رۆتیناتەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، بەشێک لە خەڵک گلەییان لە کوالێتیی پڕۆژەکان هەیە و لە بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023ـی تورکیا و باکووری کوردستان، هەندێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی هەرێمی کوردستان درزیان تێکەوت. د. هەڤاڵ سدیق دەڵێت، "ئەوکات ئێمە لیژنەیەکمان پێکهێنا و سەردانی پڕۆژەکانمان کرد، لە ئەنجامدا بەوە گەیشتین کە هیچ مەترسییەک لەسەر ئەو هاووڵاتییانە نییە کە نیشتەجێی ئەو پڕۆژانەن".
 
بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، حکومەت پشکنین بۆ ئەو کەرەستانە دەکات کە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا بەکاردێن بۆ ئەوەی بزانرێت تاوەکو چ رێژەیەک بەرگەی بوومەلەرزە دەگرن، ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و بەتایبەت شوقەکان، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە بەرگەی بوومەلەرزە دەگرن.
 
لەبارەی ئەو ستانداردانەی بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، د. هەڤاڵ سدیق رایگەیاند، "پێشتر بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بەپێی کۆد و ستانداردێک بوو، کە لە عێراق دەستنیشانکرابوو، بەڵام ئەمساڵ هەرێمی کوردستان خۆی کۆدێکی تایبەت بەخۆی پەسندکردووە کە بڕیارە لەم رۆژانە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوببێتەوە و دوای ئەمە کاری پێبکرێت کە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکانە و هەر باڵەخانەیەک بەو کۆدە نوێیە دروستبکرێت، مەترسی داڕمانی لەسەر نابێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت، "سەرجەم ئەو کەرەستانەی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بەکاردەهێندرێن، لە بلۆک و شیش و چیمەنتۆ و سەرجەم کەرەستەکانی دیکەش، دەبێت هەمووی ناوخۆیی بن و قەدەخەمان کردووە بە کەرەستەی هاوردەکراو کار بکەن".
 
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو ئێستا 202 مۆڵەتی نیشتەجێبوونی بە وەبەرهێنەران داوە، کە دەکاتە 43 هەزار و 131 یەکەی نیشتەجێبوون کە لە شوقە و ڤێلا و خانوو پێکهاتوون.
 
د. هەڤاڵ سدیق دەڵێت، بەپێی رێنمایی نوێی دەستەی وەبەرهێنان بە هاوکاریی وەزارەتی پلاندانان، "پلانمان وایە بۆ لەمەودوا بەگوێرەی پێویستیی شار و شارۆچکەکان مۆڵەتی وەبەرهێنان بدەین، بۆ نموونە رەنگە هەولێر بۆ ئێستا چیدی پێویستی بە مۆڵەتی نیشتەجێبوون نەبێت و پێویست بێت پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە قەزا یان شارێکی دیکە بکرێتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."