سماق و مازووی دهۆک هەناردەی دەرەوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمساڵ زیاتر لە 50 تۆن مازووی دهۆک هەناردە کراوە و مۆڵەت بۆ هەناردەکردنی 400 تۆن سماق و مازووی دیکەش وەرگیراوە، کۆمپانیای هەناردەکاریش دەڵیت، ساڵانە نزیکەی 300 تۆن مازووی دهۆک هەناردەی تورکیا دەکەین.
 
فەرمان شەعبان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هەناردەکار بە ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ "زیاتر لە سێ ساڵە مازووی چیاکانی دهۆک هەناردەی تورکیا دەکەین و لە تورکیاش کارگەکان بۆ دروستکردنی بۆیاخ بەکاریدەهێنن".
 
فەرمان شەعبان ئاشکرای کرد، ساڵانە نزیکەی 300 تۆن مازوو هەناردەی تورکیا دەکەن، ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا 50 تۆنیان هەناردەکردووە و داوای رەزامەندییان لە حکومەت کردووە، بۆ ئەوەی رێگە بدەن 200 تۆنی دیکەش هەناردە بکەن.
 
ئەو مازوویەی کۆمپانیاکە هەناردەی دەکات لە عەلوەی دهۆک کیلۆی بە دوو هەزار دینار بۆ سێ هەزار دینار دەیکڕن و وەکو فەرمان شەعبان ئاماژەی پێدەدات؛ "لایەنە پەیوەندیدارەکان کارئاسانی زۆریان بۆ کردووین، بەڵام لە گومرگدا هەندێکجار کۆسپمان بۆ دروستدەکرێت و دەڵێن دەبێت بۆ لێخۆشبوونی گومرگی، پاڵپشتی لە هەولێر بهێنن، سەرباری ئەوەی خۆیان نووسراویان لایە، کە بۆ بەرهەمی ناوخۆ دەبێ لێخۆشبوون بکرێت".
 
هاوکات، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "ئەو کۆمپانیایە بەدەر لە مازوو، ئەمساڵ داوای مۆڵەتی هەناردەکردنی 200 تۆن سماقیشیان لێکردووین".
 
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک گوتی؛ "لەگەڵ هەناردەکردنی مازوو و سماقی دهۆک، پەتاتەش هەناردە دەکرێت و ئێستا لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ترێ، سێو و هەنگوینیش هەناردە بکرێت کە ئەوەش پاڵپشتییەکی گەورە دەبێت بۆ جووتیارانی ئێمە".
 
ئەحمەد جەمیل باس لەوە دەکا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی پێویستە جووتیار لەسەر شێوازی بەرهەمهێنان، رنینەوە و لە پاکەتنان پەروەردە بکرێت و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ئێستا خولمان بۆ جووتیاران کردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەگوێرەی ستانداردەکان بەرهەمەکانیان بۆ  هەناردەکردن ئامادە بکەن".