لە چوار مانگدا 100 هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی ورمێ گەشتیان کردووە

22-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە رێگەی فڕۆکەخانەی ورمێ گەشتییان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە، کە تێکرای رۆژانە دەکاتە زیاتر لە 800 کەس.
 
محەممەدعەلی نائیل قەرامەلیکی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای ورمێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ورمێ بەراورد بە ساڵی پار کەمبووەتەوە، بەڵام سەڕەرای ئەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە چوار مانگی رابردوودا لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە گەشتیان کردووە، زیاترە لە ساڵی رابردوو.
 
محەممەدعەلی نائیل قەرامەلیکی گوتی، پار لە هەمان ماوەی ئاماژەپێکراودا لە فڕۆکەخانەی ورمێوە 924 گەشتیی ئاسمانیی کراون، بەڵام بۆ ئەمساڵ ژمارەی گەشتەکان دابەزیوە بۆ 900 گەشت کە لە رێگەی هەشت کۆمپانیاوە کراون.
 
لەبارەی ژمارەی گەشتیارانیش، قەرامەلیکی گوتی، ساڵی رابردوو لە ماوەی چوار مانگدا 99 هەزار کەس لە رێگەی فڕۆکەخانەی ورمێوە گەشتیان کردووە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە بۆ سەرووی 100 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
 
ئاماژەی بە گەشتەکانی دەرەوەی وڵاتیش کرد و رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا دوو گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی ورمێوە بۆ ئەستەنبووڵ دەکرێت، هەروەها ئەمساڵیش وەکوو ساڵەکانی رابردوو گەشتەکانی تایبەت بە گواستنەوەی حاجیانی پارێزگاکە بۆ سعودیە و هەروەها زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق کراون، لەگەڵ ئەوەش گواستنەوەی زیارەتکارانی شیعە بۆ چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە بەرنامەیاندایە.
 
بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای ورمێ هەروەها رایگەیاند، بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن چوار گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی ورمێوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بە پێچەوانە تەرخانکراوە و لە نێوان 320 تاوەکو 330 کەس دەتوانن سوود لەو گەشتانە ببینن.
 
قەرامەلیکی باسی چالاکییەکانی فڕۆکەخانەی شاری خۆییش کرد و گوتی، ئێستا لە هەفتەیەکدا تەنیا دوو گەشتیی ئاسمانیی لەو فڕۆکەخانەیەوە دەکرێت و لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ژمارەی گەشتەکانی ئەو فڕۆکەخانەیەش زیاد بکرێت، بەڵام هیچ ئامارێکی لەبارەی ژمارەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەکە بڵاونەکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە