ئامادەکاری یاداشتەکانی مام جەلال بە کەفالەت ئازاد کرا

22-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری ئامادەکاری کتێبی "مام جەلال.. دیداری تەمەن" رایگەیاند، سەڵاح رەشید، کە بە ناوزڕاندن تۆمەتبار کراوە، ئەمڕۆ بە کەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازاد کراوە و بەپێی ماددەی 434ی یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.
 
بەشدار حەسەن، پارێزەرەی سەڵاح رەشید ئامادەکاری کتێبی "مام جەلال.. دیداری تەمەن"، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لەسەر سکاڵای بەڕێز ئارام رەسووڵ مامەند، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان کە تۆمەتی ناوزڕاندنی داوەتە پاڵ کاک سەڵاح رەشید، لە دادگە ئامادەبووین و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ کاک سەڵاح، بە کەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازاد کرا."
 
پارێزەرەی سەڵاح رەشید ئاماژەی بەوەش کرد، "هێشتا دیار نییە کەی سەڵاح رەشید دادگایی دەکرێت، بەڵام ئەوەی هەیە کاک ئارام گوتوویەتی لەو کتێبەدا سووکایەتی بە باوکی کراوە، بەڵام کاک سەڵاح دەڵێت، تۆماری دەنگیی زۆر زیاتری لەلایەن و ئەوەی ئەو خستوویەتیە کتێبەکەوە تەنیا قسەکانی مام جەلال بووە و قسەی کاک سەڵاح خۆی نییە."
 
مانگی نیسانی 2017 ، لەو كاتەی چەند ساڵێك بوو مام جەلال بەهۆی جەڵتەیەكی مێشكەوە لە زمان و جووڵە كەوتبوو، كتێبی (مام جەلال.. دیداری تەمەن، لە لاوێتییەوە بۆ كۆشكی كۆماری) بڵاوكرایەوە.
 
سەڵاح رەشید، نووسەری كتێبەكە لە كۆتایی هەشتاكاندا لە ئەڵمانیا تاڵەبانیی بینیوە و داوای لێكردووە وەڵامی چەند پرسیارێكی رۆژنامەوانیی بداتەوە، "بیرۆكەكە سەرەتا ئەوە بوو، بەڵام ئیدی پرسیار پرسیاری دیكەی رادەكێشا و بەو شێوەیە درێژ بووەوە و 15 ساڵی خایاند."
 
لە كتێبەكەدا لەسەر زاری مام جەلالەوە رەخنەی تووند لە پارتی و مەلا مستەفا گیراوە، سەڵاح رەشید چاوەڕێی ئەوە بووە ئەوان زیاتر گلەیی بكەن، بەڵام دەڵێت، لەنێو ماڵباتی بارزانی هیچ گلەییەكی پێنەگەیشتووە و سكاڵاش لە دژی تۆمار نەكراوە.
 
بە گوتەی سەڵاح رەشید، بەر لەوەی كتێبەكەی چاپ بكات، هەر یەك لە بەرهەم ساڵح، فەرید ئەسەسەرد و ستران عەبدوڵڵا و نەوشیروان مستەفا بینیویانە.
 
ئارام رەسووڵ مامەند، كە یەكێكە لەوانەی كتێبەكە نیگەرانی كردووە، دەڵێت، دوای بڵاوبوونەوەی كتێبەكە، سكاڵامان لە دژی تۆمار كردووە.
 
داواكاریی خێزانی رەسووڵ مامەند ئەوەیە کە بۆیان بسەلمێندرێت‌ ئاخۆ "ئەوانەی بڵاوكراونەتەوە، گوتەی مام جەلالن؟ چونكە بەشێك لەوانەی بڵاوكراونەتەوە، هیچ بەڵگەیەكیان تێدا نییە و تۆمەتی هەڵبەستراون. پاشان داوامان كردووە بزانین سەڵاح رەشید رەزامەندیی خێزان و وارسی نزیكی مام جەلالی وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە یاخود نا."
 
سەڵاح رەشید لە مانگی ئایاری ساڵی 2019 گوتی، بە درێژایی ئەو 15 ساڵەی سەرقاڵی ئەو چاوپێكەوتنە بووە لەگەڵ تاڵەبانی، هەرگیز رووینەداوە مام جەلال داواكارییەكی هەبووبێت لەسەر پرسیارێك یان وەڵامدانەوەیەك، "نە پێی گوتووم ئەوە بپرسە و نە گوتووشیەتی ئەو وەڵامە دەستكاری بكە. پێشموایە كاتێك دەگوترا مام جەلال گوتوویەتی یادەوەرییەكانی خۆم نووسیوەتەوە، هەر مەبەستی ئەو چاوپێكەوتنە بووە كە من لەگەڵی تۆمارم كردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

8 کریستیان لەسەر کورسییەکەى کۆتاى دهۆک لە پەرلەمانی کوردستان رکابەری دەکەن

8 بەربژێرى کریستیان بۆ رکابەرى لەسەر تاکە کورسییەکەی کۆتاى ئەو پێکهاتەیە لە دهۆک ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 6 بەربژێرى دیکە لەو پارێزگایە وەکو سەربەخۆ بۆ کورسیى گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.