کوشتارگەی ھەولێر: 80%ی پێداویستیی گۆشت، بە گۆشتی بەستوو و ئاژەڵی نەخۆش پڕدەکرێتەوە

22-08-2022
گۆڤەند مستەفا
سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەی هەولێر
سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەی هەولێر
نیشانەکردن گۆشت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کوشتارگەی ھاوچەرخی ھەولێر رایدەگەیێنێت 20%ی پێداویستیی رۆژانەی خەڵک بۆ گۆشتی سوور لە کوشتارگەکەی ئەوان دابیندەکرێت و 80%ـەکەی دیکە بە گۆشتی بەستووی هاوردەکراو و گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش پڕدەکرێتەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رووداو، دەرکەوتووە کە لە مەیدانی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە هەولێر، کڕین و فرۆشتنی نایاسایی بە ئاژەڵی نەخۆش دەکرێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئاژەڵی نەخۆش بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە مەیدانی ئاژەڵاندا ساخدەکرێتەوە.
 
ھەڵمەت ھەمزە سلێمان، بەڕێوەبەری کوشتارگەی ھاوچەرخی ھەولێر، کە ئەمڕۆ دووشەممە 22-08-2022 میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی کرد، لەبارەی ئەو دیاردەیەوە رایگەیاند، "بەداخەوە ئەو دیاردەیە لە هەموو شارەکانی کوردستان و عێراقیش بوونی هەیە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کوشتارگەی ھاوچەرخی ھەولێر، بەپێی یاسا "ئاژەڵی بچووک کە کێشەکەی لە 16 کیلۆ کەمتر بێت، یان نەخۆش و لەڕ و لاواز بێت، یانیش بە کەڵکی زاوزێ مابێت و ئاوس بێت، لە کوشتارگە فەرمییەکان رێگەپێدراو نییە سەر ببڕدرێن، پێش سەربڕینیشیان پشکنینیان بۆ دەکرێت."
 
ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، ھەڵمەت ھەمزە پێیوایە "پەنا دەبەنە بەر شوێنی دیکە بۆ سەربڕینی ئەو جۆرە ئاژەڵانەی رێگەپێدراو نین، زەقترین شوێنیش مەیدانی ئاژەڵانە لە شوێنێک بەناوی کەلەشخانە کە تاوەکو ئێستا هەر هەیە، جگە لە مەیدانی ئاژەڵانیش لەسەر رێگەکانی دەرەوەی شارەکان، وەکو رێگەی گوێڕ، جمکە، لە هەندێک لە گەراجەکانی پێستە ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت."
 
بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی ھاوچەرخی ھەولێر بە پێویستی دەزانێت، "خەڵک زیاتر وشیار بکرێنەوە بە نەکڕینی ئەو جۆرە گۆشتانە، خەڵک دەبێت لە شوێنە فەرمییەکان گۆشت بکڕێت، ئەگەر کیلۆیەک گۆشت بە 10 هەزار بکڕی بە دڵنیاییەوە بزانە ئەو گۆشتە گرفتێکی هەیە، لە کاتێکدا کیلۆی گۆشت بە ئێسک بە 14 هەزار و بێ ئێسل بە 16 هەزار دینارە، ئەگەر لەو نرخە کەمتر بوو بزانە گرفتێکی هەیە."
 
ھەڵمەت ھەمزە سلێمان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت و لە بازاڕدا ساخ دەکرێتەوە و نموونە بەوە دەهێنێتەوە، "ئاژەڵ هەبووە لە وڵاتێک هاوردە کراوە، لەڕێگە لەبەر هیلاکی و گۆڕانی پلەی گەرمی لە وڵاتی هاوردەکراو بۆ هەرێمی کوردستان، لێرە رۆژانە دەیان رەشە وڵاخ مرداربوونەتەوە، بەڵگەی سەلمێندراومان لەبەردەستە رۆژانە دەیان سەر رەشەوڵاخ بەر لە مرداربوونیان سەربڕدراون و دواتر گۆشتەکەیان بۆ ئەو شوێنانە رەوانە کراوە کە کڕیاری بەردەوامی بووە و گرێبەست هەبووە لەنێوانیاندا."
 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر زەقبوونەوەی ئەو دیاردەیە بۆ هەڵاوسان لە نرخی گۆشت دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "خاوەن دووکان و چێشتخانە و گەس و خواردنگەکان پەنا دەبەنە بەر کڕینی گۆشتێکی هەرزان بۆئەوەی بتوانێت کۆنترۆڵی نرخی خواردەمەنییەکان لای خۆی بکات، واتە هەڵاوسان لە نرخ بووە هۆکاری ئەوەی خەڵک زیاتر پەنا بۆ ئاژەڵی نەخۆش ببات."
 
بۆ رێگری کردنی لە فرۆشتنی ئاژەڵی نەخۆش بڕیارە خەندەقێک بە دەوری مەیدانی ئاژەڵانی هەولێردا لێبدرێت و هێزێکی ئەمنیش لەبەردەم مەیدانەکە جێگیر بکڕێت.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەوبارەوە بە رووداوی گوت، پلانێکیان هەیە و دەیانەوێت کێشەی مەیدانی ئاژەڵان چارەسەر بکەن بە رێگەی لێدانی خەندەق و دانانی هێز.
 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی ھاوچەرخی ھەولێر پێیوایە ئەو بڕیارەی پارێزگاری هەولێر "چارەسەرێکی بنەبڕی 100%ـە بۆ مەیدانی ئاژەڵان، بەڵام چی لە رێگەکانی دەرەوەی شار دەکەیت؟ چی لە کێڵگەکانی دووری مەیدانی ئاژەڵان دەکەیت کە شوێنێکی زۆر داخراوە؟"
 
ھەڵمەت ھەمزە ئەوەی خستەڕوو، "رۆژانە 80 بۆ 10 سەر رەشەوڵاخ و 700 بۆ 800 سەر مەڕ و بزن لە کوشتارگەی هەولێر سەردەبڕدرێن، بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی هەولێر 20%یش ناکات، 80%کەی دیکە بە گۆشتی بەستووی هاوردەکراو، کە زیاتر لە 20%ی بە ئاژەڵی نەخۆش و پەککەوتە و بێسەروبەر پێداویستی شار پڕدەکرێتەوە."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 کۆمپانیا لە چەندین وڵاتەوە ئاژەڵ هاوردە دەکەن، لە وڵاتانی بەرازیل، جۆرجیا و ئەرمینیا ساڵانە 120 هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە دەکرێن.
 
لە هەرێمی کوردستان 256 هەزار رەشەوڵاخ و سێ ملیۆن و 112 هەزار مەڕ‌ و یەک ملیۆن و 223 هەزار بزن هەن، ئەمەش پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە شیر‌ و گۆشتی سوور پڕناکاتەوە.
 
هەرێمی کوردستان ساڵانە 86 هەزار تۆن گۆشتی سوور و نزیکەی 500 هەزار تۆن شیر بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکانی پێویستە، لەو 86 هەزار تۆنە نزیکەی 55%ی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت و ئەوی دیکەی هاوەردە دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە