فەرهاد پیرباڵ: پارەی رۆژی لەدایکبوونەکەم دەبەخشمە منداڵەکانی گۆڤار ئەنوەر

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرهاد پیرباڵ رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی وەکو دیاری بۆ رۆژی لەدایکبوونی بە دیاری بۆی هاتبوو، دەبەخشێتە منداڵەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو گۆڤار ئەنوەر.
 
لە یادی 61 ساڵەی لەدایكبوونیدا، نووسەر و شاعیر فەرهاد پیرباڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووک داوای لە هاونیشتمانیان كرد، سەردانی بكەن و لەجیاتی دیاری پارەی بۆ ببەن. فەرهاد پیرباڵ بە رووداوی گوت، لە یەکەم رۆژی لەدایکبوونیدا بڕی یەک ملیۆن و 126 هەزار دیناری بە دیاری بۆ چووە و ئەویش لەبری ئەو پرۆژەیەی کە بڕیاربوو رایبگەیێنێت، پارەکە بە دیاری دەداتە منداڵەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو گۆڤار ئەنوەر و دەشڵێت، "دیارە خوا وای پێخۆشبووە."
 
‎ژمارەیەك نووسەر و خوێنەر لە رۆژی لەدایكبوونی فەرهاد پیرباڵدا لە پاركی شانەدەر كۆبوونەوە و هەریەکەو بەپێی توانا بڕێك پارەی خستە نێو ئەو سندووقەی كە فەرهاد پیرباڵ داینابوو؛ ئەویش بڕیاریدا پارەکە ببەخشێتە منداڵەکانی گۆڤار ئەنوەر.
 
شەوی شەممە 20-08-2022 هونەرمەندی بواری کۆمیدی گۆڤار ئەنوەر، بە نەخۆشی لە تەمەنی 44 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
گۆڤار ئەنوەر لە ساڵی 1978 لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لەدایکبووە و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ بوو.
 
لە ساڵی 1993 گۆڤار ئەنوەر بەشداریی لە یەکەم کاری هونەریدا کردووە لە شانۆگەرییەک لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1997 بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بەناوی "منم دکتۆر"، بەشداریی لە پێنج فیلمی سکرین، دوو کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ و دەیان شانۆ و درامادا کردووە.
 
فەرهاد پیرباڵ دەڵێت، "سوورم لەسەر بیرۆکەی پرۆژەکەی خۆم کە بانکێکی نیشتمانییە بۆ سوودی هەژاران، بەڵام جارێ بە شێوەیەکی کاتی و بۆ کاتێکی نادیار رایدەگرم."
 
‎فەرهاد پیرباڵ نووسەر، شاعیر و رووناكبیر لەدایكبووی 20ی ئابی 1961ی شاری هەولێرە. ‎خاوەنی نزیكەی 60 بەرهەمی ئەدەبی، شانۆیی و لێكۆڵینەوەیە لەسەر مێژوو و ئەدەبی كوردستان.