رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 27ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێدەکەن.
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، دەستپێکردنی کۆنفرانسە نێوخۆییەکانی پارتی، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەشنووسی دەستوور و دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب باسکران.
نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی بە رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ کۆی لق و ناوچەکان لە پەیوەندی بەردەوامداین و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی لە 27ـی ئەم مانگە و لە یەک کاتدا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا کۆنفرانسە نێوخۆییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بەڕێوەبچن."
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی کۆنفرانسەکانیش، نەجات حەسەن گوتی، "مەرج نییە بە یەک رۆژ تەواوبن، چونکە بەشێک لە ناوچەکان سنوورەکەیان فراوانە و رەنگە پێویستی بە چەند رۆژێک هەبێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 دامەزراوە و تاوەکو ئێستا 13 کۆنگرەی بەستووە، بڕیاری داوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرەی 14 ببەستێت.
نەجات حەسەن گوتی کە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی کۆنفرانس بە "رێکوپێکی" بەڕێوەبچێت و ئامادەکارییەکان تەواو کراون.
دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە
رۆژی سێشەممە 23-8-2022، دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە و رای هەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان (وەکو نوێنەری لایەنە سیاسییەکان) لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور وەردەگیرێت.
مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و داوایکردووە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی دەستوور و گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەستپێبکەنەوە."
سەبارەت بە بۆچوونی لایەنەکان لەسەر ئەو سێ پرسە، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی: "هەموو لایەنەکان جگە لە نەوەی نوێ بە باشیان زانیوە کە هەرێمی کوردستان دەستووری خۆی هەبێت و لیژنەکە دروستبکرێتەوە و کار لەسەر ئەو پرسە بکرێت."
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی: "پێشوازی لە راسپاردەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دەستپێکردنی رێکارەکانی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان." دەشڵێت: "پارتی خوازیاری ئەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان، گشتپرسی بۆ دەستووری هەرێمی کوردستانیش بکرێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "سبەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکەش تەواوکەری ئەو زنجیرە کۆبوونەوەیە کە لە 3-11-2021ەوە دەستمان پێکردووە بۆ پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان."
زانا مەلا خالید گوتی: "نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان خاڵی هاوبەشی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە و هەموومان کۆکین لەسەری، بۆیە بە جۆرێک ئەو خاڵەمان بەرجەستەکرد بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەیەوە ناکۆکییەکانمان نەهێڵین."
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە کۆی ئەو کۆبوونەوانەی لەبارەی نووسینەوەی دەستوور کراون، را و بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان گەڕێنراونەتەوە پەرلەمان و ئەوانیش وەک فراکسیۆنی پارتی "لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا" رای سەرکردایەتییان رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوو.
لە ماددەی 120ی دەستووری عێراقدا بە روونی باس لەوە کراوە کە هەرێمەکان مافی خۆیانە ببنە خاوەنی دەستووری خۆیان، بەڵام هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا دەستووری نییە.
900 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی ئاب ئامادەیە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب ئامادەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچە رادەگەیێندرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕی 900 ملیار دینار بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب ئامادەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا، خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچە رادەگەیێندرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە گرفتی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی هەبێت.
مانگانە لە دابەشکردنی مووچەدا، لە سنووری پارێزگای سلێمانی کێشە دروستدەبێت و لە کاتی خۆیدا دابەشناکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز کۆتاییهات و هەموو وەزارەتەکان مووچەیان وەرگرت، بەڵام هێشتا چەند بەڕێوەبەرایەتییەک و خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لەم رۆژانەدا هەوڵێکی جیددی نەدرێت، مانگی داهاتووش گرفتی مووچە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت، چونکە بڕی 35 ملیار دینار لە داهاتی نێوخۆی پارێزگاکە کە دەبوو بۆ مانگی ئاب خەرج بکرێت، دەرهێنراوە بۆ مووچەی مانگی تەممووز، ئەمەش کێشەی کەمی پارە دروستدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ