گومرگی هەرێمی کوردستان: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە باشماخ و پەروێزخان کەمیکردووە

22-08-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێکی گومرگی پارێزگای سنە، هەناردە لە مانگی ئادارەوە تاوەکو مانگی تەممووزی 2022 لە دەروازەی سنووری باشماخەوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 26٪ کەمبووەتەوە؛ پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێت، بەشێکی هاوردەکردن براوەتە دەروازەی مونزریە و هەندێک لە بارهەڵگرەکانیش روو لە حاجی ئۆمەران دەکەن. گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت، ئاڵۆگۆڕ لە دەروازەکەوە زیادی نەکردووە؛ بەڕێوەبەری گومرگی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە دەروازەکانی عێراقەوە "بێ لێپرسینەوە" شتومەک دەهێندرێت.
 
خەلیل حەیدەری، چاودێری گومرکەکانی پارێزگای سنە رۆژی یەکشەممە 21-8-2022 گوتی، لە ماوەی ئەو 4 مانگەدا بایی 276 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل لە دەروازەی باشماخەوە هەناردە کراوە؛ لەسەر بنچینەی کێشیش 596 هەزار تۆن هەناردە کراوە کە ئەویش 28٪ کەمتر بووەتەوە.
 
بازرگانانی دەروازەی سنووریی باشماخ لە کۆبوونەوەی رۆژی21-08-2022 لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای سنە دابەزینی هەناردەیان بۆ کۆمەڵێک هۆکار گەڕاندەوە، لەوانە دەستوەردانی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران، بوونی دامودەزگای جۆراوجۆر لە دەروازەکە، کەمیی سووتەمەنی بۆ بارهەڵگرەکان، کێشەی قاچاخچی و نەبوونی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتیی ستاندارد.
 
رۆژی دووشەممە 22ـی ئابی 2022، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی هاوردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە خراوەتە سنووری دەروازەی مونزرییە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە و چەند خولەکێک لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە دوورە".
 
عەلی حەمەساڵح گوتی: "نازانم بە بەرنامەیە یان بێ هۆکار، بەڵام ئەوە دەزانم کە بەشێکی بارهەڵگری کۆمپانیاکان کە پێشتر روویان لە دەروازەی باشماخ دەکرد، ئێستا لە حاجی ئۆمەرانەوە کاڵا دەهێننە هەرێمی کوردستان. دیارە داهاتی باشماخ بۆ کوێیە و حاجی ئۆمەرانیش بۆ کوێیە؛ لەکاتێکدا سیستەمی بەڕێوەبردنی هەردوو دەروازەکە یەکێکە".
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانیش رۆژی دووشەممە 22-8-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاماری ورد بەردەست نییە، بەڵام ئەوەی دەیزانین هاوردەکردن ئاساییە و وەکو پێشترە، هیچ زیادبوونێکی ئەوتۆ نییە. پێناسی گومرگی و هەموو رێکارەکانمان ئەو رێکارانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو دەروازەکانی داناوە و ئێمەش هەمان ئەو رێکارانە جێبەجێ دەکەین".
 
هاوکات ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە بە رووداوی گوت: "ماوەیەکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە کەمی کردووە، هۆکاری سەرەکیشی ئەوەیە لە دەروازەکانی عێراقەوە بەشێوەیەکی بەربڵاو و بێ لێپرسینەوە شتومەکە دەهێندرێت".
 
محەممەد هۆلاکۆ، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای سنە رۆژی 3-11-2021، رەخنەی لەوە گرتبوو، کە لە دەروازەی باشماخەوە هەندێک کێشەی هەیە: درەنگ مۆڵەت بە گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل دەدرێت، پشکنینی زۆر دەکرێ، پارەی زۆر و نایاسایی لە بازرگانان وەردەگیرێت. هۆشداریشی دابوو، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئێران بازاڕی هەرێمی کوردستان لە دەستدەدات.
 
محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی پارێزگای سنە رۆژی 02-01-2022 گوتی: دەروازەی سنووریی باشماخی مەریوان ناڕێکی و کێشەی زۆری هەیە؛ ئەم کێشانە دوای 15 ساڵ لە بەنێودەوڵەتیبوونی دەروازەکە هێشتا چارەسەر نەبوون؛ هەروەها کەمتەرخەمی "ژمارەیەک دامەزراوە لە ئاستی نیشتمانی و لە ئاستی پارێزگای" سنەدا بە هۆکاری کێشەکانی دەروازەی باشماخ لە قەڵەمدا.
 
لە هەرێمی کوردستان دەروازەکانی، باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتین و جگە لەوانە چەند دەروازەیەکی دیکەی نیمچە فەرمی و لاوەکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی کەرکووک. وێنە: رووداو

10 رۆژ مۆڵەت دەدرێتە 369 خێزانى عەرەبی هاوردە لە کەرکووک

لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140، ماوەى 10 رۆژ مۆڵەت دەداتە 369 خێزانى عەرەبی هاوردەى کەرکووک بۆ ئەوەى مامەڵەکانیان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدى پێشوویان تەواو بکەن ئەگەرنا "قەرەبوو نایانگرێتەوە".