گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 75 پاڵاوگەی نایاسایی هەن کە زۆربەیان لەسەر رێگەی گوێڕن. ئەو پاشماوانەی لە وێنەکاندا دیارن، جۆگەلەی رەشیان دروستکردووە و بۆنێکی ناخۆش دەردەکەن. ئەوەش کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵ و باڵندەکانی ناوچەکە هەیە.


جگە لە زیانی کشتوکاڵی، بۆنی ناخۆشی ئەو پاشەڕۆیانە خەڵکی ناوچەکەیشی هەراسان کردووە.

فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 75 پاڵاوگە لە سنووری پارێزگای هەولێر کاردەکەن، ئێمەش لەسەر راسپاردەی پارێزگار و قایمقامی هەولێر، ئەو پاڵاوگانە کە بە نایاسایی کاردەکەن، ئێمە لە 1ـی ئابەوە دەستمان پێکردووە و تاوەکو 23 پاڵاوگەمان داخستوون."

خەڵکی ناوچەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن، بەهۆی ئەو گازە پیسانەی کە لە پاڵاوگەکان دەردەچن، چەند کەسێکیان تووشی شێرپەنجە بوونە. دەڵێن، بۆ ئەو بانگەشەیەیان پشتیان بە قسەی پزیشکان بەستووە.

عەللا ئەسەدی، شارەزای بواری نەوت رۆژی شەممە قسەی بۆ رووداو کرد و لەبارەی بەرهەمی ئەو پاڵاوگانە گوتی، "ئەو پاڵاوگانە پاڵاوگەی قەبارە بچووکن، تاوەری پاڵاوتن کە لە پاڵاوگەکاندا سەرەکیین ئەگەر باش بێت ئەوا بەرهەمەکان باش دەبن، بەڵام لێرە دەچن تاوەری تورکی یان چینی یان هیندی دەهێنن و ئەوانە نرخییان کەمە و کواڵیتییان خراپە و دەردانی گازی زۆرییان هەیە، لەنێو نەوتدا 37 ماددەی کیمیایی هەن کە بەهۆی باش نەپاڵاوتنییەوە نزیکەی 30 ماددەی گازی و ناگازی هەن کە نەپاڵێوراون و دەچنە نێو هەوا و هۆکاری بۆنی ناخۆش و پیسکردنی ژینگەن."

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لە جیهاندا نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس بەو نەخۆشییانە دەمرن کە لە ئەنجامی پیسبوونی ژینگەوە تووشبوون. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 6300 توشبووی شێرپەنجە هەن. شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن و سییەکان باوترین جۆری شێرپەنجەکانن لە هەرێمی کوردستان.