چوار منداڵی خێزانێک ئیفلیجی مێشکیان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی خەڵکی ئەنبار ماوەی 6 ساڵە لە شەقڵاوە دەژین، 8 منداڵیان هەیە و چواریان لە مێشکەوە ئیفلیجن، باری دارایی خێزانەکەش باش نییە و بە خێری خێرخوازان دەژین.
 
دایکیان ناوی حەلیمە عەبدولکەریم ئیسماعیلە و 8 منداڵی هەیە، چواریان بەناوەکانی محەممەد لەدایکبووی 1980، ئەنوار 1984، ئەزهار 1978 ، هودا 1993 ئیفلیجی مێشکیان هەیە و دایکیان دەڵێت، لە سکماکییەوە وان.
 
لەو منداڵانەی تەندروستییان باشە دووانیان کە دوو کچن شوویان کردووە، کچێک و کوڕێکی دیکەیان لای خۆیانن. کوڕەکە ژنی هێناوە ، کارەباچییە و 3 منداڵیشی هەیە و هەموویان تەندروستییان باشە. کچەکەش تەمەنی 20 ساڵە و قوتابییە.
 
باوکی خێزانەکە خانەنشینە و نەخۆشە و لەماڵەوەیە. مووچەی مانگانەی تەنیا 600 هەزار دینارە و کرێچیشن و وەک خۆیان دەڵێن ئەگەر خێرخوازان یارمەتییان نەدەن بژێوی ژیانیان پێ دابین ناکرێت.

 

 
سەبارەت بەوەی بۆچی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بۆ ناگەڕێنەوە بۆ ئەنبار، حەلیمە عەبدولکەریم ئیسماعیل بە رووداوی راگەیاند، دۆخی ئەمنی ئەوێ باش نەبووە بۆیە ناچاربوون پەنا بۆ کوردستان بهێنن، لەوێش ماڵ و حاڵێکیان نییە تاوەکو پێی دڵخۆش بن و بگەڕێنەوە.
 
بەگوتەی حەلیمە عەبدولکەریم ئیسماعیل دایکی منداڵەکان، لە کوردستان خێرخوازان خێریان پێدەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژین، بۆیە بیر لە گەڕانەوە ناکەن چونکە بە قسەی خۆی، ژیانیان لەوەی کە ئێستا هەیە زەحمەتتر دەبێت.