تەرمی پیاوێک لەنزیک عەربەت دۆزرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای چەند رۆژێک لە دیارنەمانی تەرمی کاسبکارێکی دانیشتووی سەیدسادق لەنزیک عەربەت دۆزرایەوە، کە شوێنی فیشەک بە جەستەیەوە بووە.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "هێزەکانمان تەرمی پیاوێکیان لە گوندێکی نزیک عەربەت دۆزییەوە کە شوێنی دوو فیشەک بە جەستەیەوە دیار بوو، پیاوەکە کاسبکارە و دانیشتووی قەزای سەیدسادقە، چەند رۆژێک بوو لە ماڵ چووبووە دەرەوە و بێسەروشوێن بوو".
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت: "بەگوتەی خێزانەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ هاتووە و گوتویەتی بۆ شوتی رنین دەچمە پێنجوێن، دوای دەرچوونیشی لە ماڵەوە دەنگی نەماوە، پیاوەکە بڕێک پارە و مۆبایلیشی پێبووە، بەڵام دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی نە پارەکەی پێماوە نە مۆبایل، بۆیە گومان دەکرێ بۆ پارەکە کوشتبێتیان".
 
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد هێشتا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە، بە بڕیاری دادوەر پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی بکەری تاوانەکە.