ڤایرۆسی جگەر هەڕەشە لە ژیانی نەخۆشانی تالاسیمیای کوردستان دەکات

22-08-2019
لە هەرێمی کوردستان 3342 تووشبووی تالاسیمیا هەن
لە هەرێمی کوردستان 3342 تووشبووی تالاسیمیا هەن
نیشانەکردن تالاسیمیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

دانیار جەبار پێشتر دوو برای بە نەخۆشی تالاسیمیا گیانیان لەدەستداوە. ئێستا خۆیشی سەرباری هەمان نەخۆشی، هەڵگری ڤایرۆسی جگەرە لە جۆری C. ساڵی 2015 پشکنینەکان ڤایرۆسەکەیان لە لەشیدا دەرخستووە و لە 2018 لە هیندستان بە دەرمان گەشەی ڤایرۆسەکەیان بۆ وەستاندووە.

نەخۆشانی تالاسیمیا بەو خوێنە دەژین کە لە کەسانی دیکەوە پێیاندەدرێت، بەڵام هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش لەنێویاندا هەر ئەو خوێنەیە کە وەریانگرتووە.

زیاتر لە سێ بەشی تووشبووانی ڤایرۆسەکە هەڵگری جۆرە قورسەکەن واتە جۆری سی، بەڵام ئەوەی دۆخەکەی گرانتر کردووە بەشێک لەو تایپانەی سەر بەو جۆرەن هێشتا لە هەرێمی کوردستان بێ چارەسەرن.

کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان دەڵێت "جۆرێک لە چارەسەرەکان بەتایبەت بۆ ڤایرۆسی جۆری C, نییە پێویستە دەستوبردێکی تێدابکرێت و دابینبکرێت. ئێستا دەرمانی جۆری Bیش دەبێت لە دەرەوە بیکڕیت، چونکە لەناو نەخۆشخانەکاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سۆنەری تایبەت بە جگەر کە پێیدەڵێن (فایبەر سکان) لە سلێمانی لە دوو شوێن هەیە و هەردوو شوێنەکەش ئەهلین".

لە ساڵی 2017ـەوە هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبووی ڤایرۆسی جگەر تۆمارنەکراوە، زۆرینەی توشبووان ئەوانەن کە لەدایکبووی سەرەتای ساڵانی نەوەتەکانن چونکە ئەوکات ئەو پشکنینانەی ئێستا بۆ خوێن دەکرێن، نەدەکران. چاودێری کەمتریش لەسەر شێوازی گواستنەوە و وەرگرتنی خوێن هەبووە.

شادی مستەفا، سەرپەرشتیاری نەخۆشییە گوازراوەکان لە سەنتەری تالاسیمیای سلێمانی دەڵێت  "ئێمە بۆ رێگریکردن لەوەی نەخۆشەکان تووش نەبن بە ڤایرۆسی جگەر چەند رێوشوێنێکمان هەیە، یەکەمیان بۆئەوەی بەرگریان لێبکەین ئێمە چاودێریان دەکەین سێ مانگ جارێک هەموو نەخۆشەکان پشکنینی ڤایرۆسیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئەو نەخۆشە توشبووە بە ڤایرۆس یان نا، ئەگەر توش بووبوو دەستدەکەین بە چارەسەر ئەگەر تووشیش نەبووبوو بەردەوام چاودێری و 
پشکنینەکەی دەبێت و سێ مانگ جارێک پشکنین دەکەین".

ڤایرۆسی جگەر یەکێکە لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکان بە تایبەت جۆرەکانی B و C چونکە ئەگەر چارەسەریان بۆ نەکرێت کوشندەن، رێگاکانی گواستنەوەشی زۆرن بەڵام خێراترینیان خوێنە کە هەر ئەوەش مەترسیەکەی بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا زیاترکردووە.

تالاسیمیا چییە؟



تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، کەسێکی تووشبووی نەخۆشییەکە، رێژەیەکی کەمتری خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی هەن، بەمەش بڕێکی کەمتری هیمگۆگڵۆبینی تەندروستی هەیە، "ئەو پڕۆتینەی رەنگ بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەبەخشێت و ئۆکسجین بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە دەگوازێتەوە".

تالاسیمیا باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە کە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە رێگەی بۆهێڵ "جین"ەکانەوە دەگوازرێتەوە. 

جۆرەکانی تالاسیمیا


چوار جۆری سەرەکی تالاسیمیا هەن کە ئەمانەن:
1-    تالاسیمیای ئەلفا
2-    تالاسیمیای بێتا
3-    تالاسیمیای دەلتا
4-    کۆمەڵەی ئەوانە
جۆرەکانی ئەلفا تالاسیمیا و بێتا تالاسیمیا سەرەکیترین جۆرەکانی نەخۆشییەکەن.

هۆکارەکانی تالاسیمیا: 

تاکو ئێستا نەزانراوە هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانەی لە جینەکانی تالاسیمیا روودەدەن چییە، هەروەها نەخۆشییەکە لە کەسێکی تووشبووەوە بۆ کەسێکی دیکەی ساخ ناگوازرێتەوە. 
بەڵام نەخۆشییەکە دەتوانرێت لە دایک یان باوکەوە بۆ منداڵان بگوازرێتەوە و ئەگەر هەردوو دایک و باوک تووشبووی نەخۆشیی تالاسیمیابن، ئەوا مەترسیی تووشبوونی منداڵەکەیان زیاتر دەبێت. 

نیشانەکانی تالاسیمیا

هەندێک منداڵ لەکاتی لەدایکبوون نیشانەکانی تووشبوون بە تالاسیمیایان تێدا دیارن، بەڵام هەندێكیان لەدوای ساڵانی یەکەم و دووەمی تەمەنیان نیشانەکانیان دەردەکەون. 
بێتاقەتی، بێهێزی، لاوازی گەشە، رەنگزەردی، ئەستووربوونی جەستە، شێواوی پێکهاتەی ئێسکەکان بەتایبەت لە سەر و رووخسار، نەخۆشییەکانی دڵ و زیادبوونی ماددەی ئاسن لە جەستەدا لە باوترین نیشانەکانی نەخۆشییەکەن. 

چارەسەری تالاسیمیا

تاکو ئێستا نەخۆشییەکە چارەسەری بنبڕی نییە، بەڵام دەتوانرێت لە رێگەی خوێن گواستنەوەی بەردەوام بۆ کەسانی تووشبووی تالاسیمیای جۆری بێتا، نەخۆشییەکەیان کۆنتڕۆڵبکرێت و لە دەرهاوێشتەکان بەدووربن، هەروەها جۆرەکانی دیکەی نەخۆشییەکە کە کەمتر تووشی ئەنیمیا"کەمخوێنی" دەبن، پێویستییەکی کەمتریان بە خوێن گواستنەوە هەیە. 

خۆپارێزی

ناتوانرێت بە دەرمان رێگە لە نەخۆشیی تالاسیمیا بگیرێت و تاکو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە، چونکە نەخۆشییەکە بۆماوەییە و لە باوانەوە دەگوازرێتەوە. 
بەڵام دەتوانرێت ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە کەمبکرێتەوە، کە ئەمەش بە ئەنجامدانی پشکنینەکانی خوێن و پشکنینی بۆماوەیی جینەکانی خێزان ئەنجامبدرێن، کە دەریدەخەن کێ تووشبووی نەخۆشییەکەیە و کێ هەڵگریییەتی، هەروەها پشکنینەکانی ماوەی دووگیانی دەتوانن دەستنیشانی تووشبووانی نەخۆشییەکە بکەن. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە