رووداو - هەولێر
سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی " ئێمە لە دژی داعشی شیعە خەبات دەکەین".
ئینستیتیوتی رۆژههڵاتی ناوهڕاست بۆ توێژینهوه (مێری)، لەشاری هەولێر سیمینارێکی بۆ مستەفا هیجری، بەناوی کورد لە ئێران، ئاواتەکان و ئاستەنگەکان و دەرفەتەکان سازکردووە، لە بەشێکی سمینارەکەدا مستەفا هیجری، رایگەیاند "کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ژینگەیەکی ئەمنیەتی وای بۆ کورد پێکنەهێناوە کە بتوانێت تەنانەت ئازادبن لە بەیانکردنی ویست و داخوازییەکانیان".
مستەفا هیجری،سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت: "ئێمە وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چی دەکەین هەر ئاوا چاوەڕوان دەبین کە کۆماری ئیسلامی رۆژ بەڕۆژ زەخت و زەبر و زەنگی خۆی زیاتر بکات، خەڵک سەرکوت و چاوترسێن بکات، یان وەکو خەڵک بە گشتی و لاوەکانی ئەو بەشەی کوردستان بە تایبەتی لە ئێمەیان داوا دەکرد، ئێمە دەبێت لە خەباتێکی جددیدا بەردەوام بین بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی ئێستا لە ناوچەکدا هەن".
مستەفا هیجری، دەشڵێت "بە دوو بەڵگەی گرنگ، ئێمە پێمانوایە کۆماری ئیسلامی ئێران مافی گەلی کورد نادات، یەکەمیان ئەسڵەن باوەڕی بەو مافانە نییە، کە ئێمەی وەکو کورد داوای دەکەین، وەکو دیموکراسی و ئازادی و مافی فیدراڵی بۆ ناوچە کوردنشینەکان و باقی نەتەوەکانی دیکە، مادام باوەڕی پێ نییە چۆن دەکرێت ئەو مافە بدات، کاتێکیش باوەڕی پێنەبێت دەبێت لەژێر گوشاردا بیکات".
سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتیشی"ئێمە ئەو ئەزموونەشمان هەیە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەموو سەرەڕۆییەک کە هەیەتی، کاتێک دەکەوێتە ژێر فشار، قسەو پێشنیاری لایەنی بەرامبەر قبوڵ دەکات، یەکەمین ئەزموونیشمان شەڕی ئێران و عێراقە، ئەزموونێکی دیکە ئەو گەمارۆیە ئابوورییە بوو کە کۆمەڵگانی نێونەتەوەیی خستییە سەر رژێم وەک سزادان".
هیجری هەروەها دەڵێت "ئەمەش رێگایەک بۆ ئێمە دەهێڵێتەوە بەوەی ئەگەر زەبرو زەنگێک لەسەر کۆماری ئیسلامی هەبێت، ئەو ئەگەرە هەیە کە ویست و داخوازی گەلی کوردیش تا ئەندازەیەک قبوڵ بکات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو زەبرو زەنگە هەبێت، لە پێش هەموو شتێکدا، خەباتی کورد لە کوردستانی ئێراندا دەبێت ببێتە هێزێکی بەتوانای شوێندانەر".
هیجری، ئاماژە بەوە دەدات "بۆیە دەڵێم خەبات لە کوردستانی ئێراندا ناڵێم حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چونکە ئێمە لەو باوەڕەدانین، کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تەنیا دەتوانێت، ئەو کارە بەڕێوە ببات".
مستەفا هیجری، ئاماژە بەوەش دەدات "مەبەستی ئێمە لە دەستپێکردنەوەی خەبات بەشێوەیەکی نوێ کە خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێراندا نێویان ناوە راسان، ئەوەیە کە پێشمەرگەکانمان لەنێوخۆی خەڵکدا ئامادەییان هەبێت بۆ ئەوەی ورەیان پێبدەن و رێکخستن بەهێز بکەن، شارەزای ناوچەکەبن و خەڵک هانبدەن بەشداردی خەبات بن".
سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەوە دەخاتەڕوو، کە "کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین دوژمنی مافی کوردە، لە هەر جێگایەک کە کورد مافی هەبێت هەتا لە ئەفریقاش بێت، یەکەمین وڵاتە کە دژایەتی دەکات".
مستەفا هیجری، باس لەوە دەکات "جارێکیان مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەیەکی کرد زۆر دروست و بەجێ بوو، گوتی پێشمەرگە شەڕی داعش و هەموو دونیا دەکات، هەر شەڕ بۆ کوردستان ناکات، قسەیەکی بەجێ بوو، بەڵام من دەڵێم ئێمە خەبات دەکەین دژی داعشی شیعە، کە مەترسییەکەی لە داعشی سوننە زۆر زیاترە".
بە بڕوای مستەفا هیجری؛ چونکە داعشی سوننە بە ئاشکرا چی لەدڵ دایە دەیکات، دەکوژێت و وێران دەکات، شەرمی لێناکات و باسیشی دەکات و کارییشی پێدەکات، بەڵام مەترسی داعشی شیعە وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەدایە لە قاڵبی دۆست و دڵسۆزیدا مامەڵە دەکات، بەڵام گەورەترین دوژمنایەتیت دەکات.
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نموونە بەوە دەهێنێتەوە "ئەو دۆخە خراپەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەنێوان حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، ناڵێم هەمووی، بەڵام زۆربەی زۆری دەگەڕێتەوە سەر کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە من دەڵێم هەموو کورد دەبێت لەو خەباتەدا بەشداربێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ