لە بالیسان گەنجێک باوکی خۆی کوشت و مام و برایەکیشی بریندار کرد
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو گەنجێک لە بالیسان باوکی خۆی کوشت، مام و برایەکی خۆیشی بریندار کرد و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهات.
کێشەکە کاتێک روویدا، کوڕ و باوکەکە دەبێتە دەمەقاڵەیان، گەنجەکە بە گولـلە باوکی دەکوژێت، مام و برایەکیشی بریندار دەکات و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێت.
مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەکە کۆمەڵایەتییە و بەهۆی لێکتێنەگەیشتنی کوڕەکە لەگەڵ باوک و مامی روویداوە". گوتیشی، "پۆلیس پەڕاوی لێکۆلینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە هێشتا بکوژ دەستگیر نەکراوە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بکوژ ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دواتر جیابووەتەوە. دوای کوشتنی باوکی لە پۆستێکی فەیسبووکدا دەڵێت، پەشیمان نییە و هەڕەشە لە ئاسایشی سنوورەکەیش دەکات و دەڵێت، هەر کەسێک بەدوای ئەوەوە بێت، دەیکوژێت.