کشتوکاڵی دهۆک: دەرمانمان بۆ دارسێوەکانی بەرواری باڵا دابینکرد

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، بێ بەرامبەر دەرمان دەدەنە خاوەن باخە سێوەکانی بەرواری باڵا بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییەی دارەکانی گرتووەتەوە.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "670 لیتر دەرمانی قڕکەری (فيوژن 10) دابینکراوە بۆ دەڤەری بەرواری باڵا و بێ بەرامبەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە دەدرێتە جووتیاران".
 
سێوی بەرواری باڵا لە هەرێمی کوردستان بەناوبانگە. دوێنێ بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت، ئەم ساڵ نەخۆشیی لەنێو دارسێوەکاندا بڵاوبووەتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرهەمەکەی دەبێت.
 
گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشی دارسێوەکان دادەنرێت. نەخۆشی "جەرب" و "دروستبوونی کرم" لە دارسێوەکان لە نەخۆشییە دیارەکانی بەشێکی دارسێوەکانی بەرواری باڵایە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی، دەرمانەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە و لەنێوبردنی کرمەکانە.
 
پێشتر بەرهەمی ساڵانەی سێوی بەرواری باڵا دەگەیشتە نزیکەی 7 هەزار تۆن، بەڵام چەند ساڵێکە بەرهەمەکەی بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە. ساڵی رابردوو بەرهەمی سێوی ئەو دەڤەرە لەنێوان سێ هەزار و 500 بۆ 4 هەزار تۆن بوو. ئەحمەد جەمیل گوتی، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵیش بگاتە ئاستی ساڵی رابردوو.
 
بەشێکی سێوی بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک لە نێوەڕاستی تەممووز بۆ سەرەتای ئاب پێدەگات و بەشەکەی دیکەی دەکەوێتە مانگەکانی 10 و 11ـی ساڵ.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دهۆک، لە سەرانسەری دهۆک نزیکەی 700 هەزار داری سێو هەن و ساڵانە 20 بۆ 25 هەزار تۆن سێو بەرهەمدەهێنن.