رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی بیانیی نەوت کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان کردووە.
د. ئومێد سەباح عوسمان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رۆژی دووشەممە، 22ـی تەمموزی 2024، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە."
شاندەکە لە د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د.عەبدلحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت پێکهاتوون.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هاوبەشی و ستراتیژیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کرا. دوایین سەردان و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بارەی پرسی نەوت لە چوارچێوەی دەستوور گفتوگۆیان لەبارەوە کرا."
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەگوتەی د.ئومێد سەباح: "چارەسەری پرسی نەوت و گاز و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جددیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پرسە لە کۆبوونەوەکەدا خرایەڕوو."
رۆژی هەینی 21-06-2024 ژووری بازرگانیی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکی، لەنێویاندا ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەگەڵ جیۆفری پاییت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە رێکخست.
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023ـەوە راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.
پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس رابگیرێت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەرکرا. ئەوەش 0.5٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ