دادگەی فیدراڵی حەوت سکاڵای لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق حەوت سکاڵای تایبەت بە کورسیی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەی دادگەکە، ئەمڕۆ (دووشەممە 22ـی تەمموزی 2024) تاوتوێی حەوت سکاڵای کردووە، کە لەلایەن نوێنەرانی پێکهاتەکانی کریستیان، ئەرمەن، تورکمان و پارێزەرێکەوە لەدژی تەرخاننەکردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان تۆمارکرابوو، دادگەکە بڕیاری رەتکردنەوەی سەرجەم سکاڵاکانی دا بە لەبەرچاوگرتنی دەرکردنی بڕیارێکی پێشووی کە لە 21ـی مانگی ئایار لەبارەی ئەو بابەتەوە دەریکردووە.
ئەو حەوت سکاڵایەی تۆمارکرابوون، دژی سیستەمی مادە دووی سیستەمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسەندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە حەوت ساڵی 2024 بوو، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی کوردستان دەرچوو، دواتر دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکرد.
ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی لیستی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت "رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایەنە بەهۆی ئەوەیە ئێمە کاتێک سکاڵاکانمان لە دژی کۆمیسیۆن تۆمارکرد هیچ کورسییەکمان بۆ تەرخاننەکرابوو و دادگەی فیدراڵیش ئەو 11 کورسییەی هەمانبوو نەیهێشت، بەڵام دواتر بڕیاری تەرخانکردنی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان درا."
روون نییە ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان بۆ خولەکانی داهاتوو وەکو خۆی دەمێنێتەوە و پێنج کورسی دەبێت یان زیاتر دەبێت، ئازاد ئەکرەم گوتی "کەشی نێو پەرلەمان دیاری دەکات چەند کورسی دەبێت."
رۆژی 22ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو.
دواتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سیستەمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسەندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە حەوت ساڵی 2024ـی پەسەندکرد، کە هەرێمی کوردستانی کرد بە چوار بازنەی هەڵبژاردن "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە."
هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بە 100 کورسی دیاریکرد، کە بەسەر ئەم بازنانە دابەش دەبێت:
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4-پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی
ئەو سیستەمە بووە هۆی ئەوەی پێکهاتەکان لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵا تۆماربکەن و داوای کورسی بکەن، دواتر لە 20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پابەند کردووە؛ پێنج کورسی بۆ کۆتای پێکھاتەکان تەرخان بکرێت بە شێوەیەک، دوو کورسی بۆ هەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانى و کورسییەکى پێکھاتەکان بۆ دهۆک بێت.
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری ژمارە 126ـی فیدراڵیی ساڵی 2024 دەکرد، کە تایبەت بوو بە کورسیی پێکهاتەکان و ئاماژەی بە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی تێدا کرابوو بە تەرخانکردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان.