باوک و کچێک لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری هەولێر گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر رێگەی نێوان ناحیەی مەلا قەرە و گوێڕ لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو کەس کە باوک و کچێکن گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسیش بریندار بوون.
 
ئازاد جەوهەر، بەڕێوەبەری ناحیەی مەلاقەرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 08:30ـی ئەمشەو (دووشممە، 22ـی تەمووزی 2024) بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل کە یەکێکیان لە جۆری مازدا و ئەوی دیکەشیان لە جۆری ئۆپڵ بووە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە باوک و کچێکن."
 
پیاوەکە موختاری گوندی سۆڕە زەرتکەی سنوورەکەیە.
 
گوتیشی "ئەو رێگەیە کە پارێزگای نەینەوا و کەرکووک بەیەکتر دەبەستێتەوە رێگەیەکی قەرەباڵخە و گوشاری لەسەرە، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە کەرکووکەوە هاتووە و ئەوی دیکەشیان لە سنووری نێوان گوێڕ و مەلاقەرەوە رۆیشتووە، لەسەر رێگەکە ئەو رووداوە دروست بووە، کە پێنج کەسیش بەهۆیەوە برینداربوون."