لیژنەیەکی پەرلەمان: دەمانەوێت گومانەکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بڕەوێنینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هۆکاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی "سیاسییە". دەشڵێت: "تورکیا هیچ بەڵگەیەکی بۆ سەلماندنی دزەکردنی پەکەکە بۆ نێو فڕۆکەخانەی سلێمانی نەخستووەتەڕوو."
 
رۆژی دووشەممە، 22-07-2024 کاروان یاروەیس، جێگری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی روودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی سەردانی مەیدانیی لیژنەکە بۆ ئەو فڕۆکەخانەیە رایگەیاند، پێویستە لێکتێنەگەیشتن و گومانەکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەکە بڕەوێنینەوە، بۆ ئەوەی سزاکان هەڵبگیرێن و گەشتەکانی ئاسایی ببنەوە.
 
لە 3ـی نیسانی 2023ـوە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە و ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی دا داخراوە. 
 
تاوەکو ئێستا چەندین جار بڕیارەکە لەلایەن تورکیاوە درێژکراوەتەوە؛ کاروان یاروەیس گوتی: ''بەلامانەوە گرنگە کە پەیوەندییەکی دۆستانەی باشمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبێت.''
 
لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێبپەڕن.
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووەتە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان."
 
ئەو پەرلەمانتارە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: ''هەر قسەیەک لەبارەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەگوترێت، هیچ بنەمایەکی راستیی تێدا نییە، ئەوەی کە ئێمە تاوەکو ئێستا بیستوومانە، تەنیا راگەیێندراو و قسەی تووند بووە لەلایەن تورکیاوە، نەمانبینیوە داوا لە لایەنی عێراقی بکەن، دابنیشن و بەڵگەکانیان بۆ ئەم بابەتە بخەنەڕوو.''
 
کاروان یاروەیس گوتیشی: "لە پەرلەمانی عێراق کاتی پێشکێشکردنی راپۆرتی سەردانە مەیدانییەکەی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن رامانگەیاندووە، دەرگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی کراوەیە و [حکومەتی تورکیا] دەتوانن لیژنەیەکی کراوە و بێلایەن راسپێرن، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی پشکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ''تورکیا کێشەی سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا هەیە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەنیا بۆ سزادانی سلێمانی بەکاردەهێنرێت.''
 
بەگوتەی کاروان یاروەیس، بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان "کەمتەرخەم بوون و هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نەنراوە.''
 
جێگری لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، عێراق دەتوانێت لەسەر بابەتەکە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکات، چونکە سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی سەر بە عێراقە، بەڵام خۆی بەشێک نییە لە کێشەکە و دەتوانێت وەکو لایەنی سێیەم لە نێوان تورکیا و سلێمانیدا بێت.
 
کاروان یاروەیس کێشەکە بە سیاسی دەزانێت و دەڵێت: ''چارەسەرکردنی کێشەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە رێگەی دانوستاندنی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەت یان پەیوەندیی کەسیی نێوان سەرۆکەکانی دوو وڵاتەکە دەکرێت.''
 
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
رۆژی 22-4-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام دوای سەردانەکەی ئەردۆغانیش هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەدا نەهات.
 
هەروەها رۆژی هەینی 12-7-2024 ئەردۆغان، دوای تەواوبوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەمریکا رایگەیاند: ''ئەگەر بەرپرسانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، گەمارۆکان بەردەوام دەبن.''
 
کاروان یاروەیس دەڵێت، رێگە نادەن بەهۆی پەکەکە یان هەر لایەنێکی دیکە فڕۆکەخانەی سلێمانی سزا بدرێت. گوتیشی: ''پەیوەندیی نێوان پەکەکە و یەکێتی لە نێوخۆ و لە تورکیا لێکدانەوەی خراپی بۆ کراوە، پەیوەندیی دۆستانەی یەکێتی لەگەڵ هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان شتێکە و ئەوەی کە پەیوەندییەکە بەوشێوەیە وێنا بکرێت کە ئێمە و پەکەکە شەو و رۆژ پێکەوەین و هەموو شتێکمان یەکێکە، شتێکی دیکەیە و لە بنەمادا هەڵەیە.''
 
ئەو پەرلەمانتارە نایشارێتەوە [وەکو یەکێتی] پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانیان هاوکارییان دەکەن، لە رووی سەربازییەوە دژی وڵاتێکی دراوسێ هاوکاریی هیچ هێزێکی پارچەکانی دیکەی کوردستان ناکەن.