رووداو دیجیتاڵ
پێکنەهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک دامەزراندنى زیاتر لە حەوت هەزار کەس و بەشێک لە پڕۆژەکانى ئەو شارەى راگرتووە، یەکێک لە سیناریۆ نوێیەکان ئەوەیە سەرۆکوەزیرانى عێراق مۆڵەتى هەفتەیەکى دیکە بداتە لایەنەکان بۆ رێککەوتن، ئەگەرنا خۆى پارێزگارێک بە وەکالەت دابنێت.
12 رۆژ بەسەر یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێگاى کەرکووک تێپەڕ بووە و 18 رۆژى دیکەیان ماوە بۆ ئەوەى لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە رێکبکەون.
بەگوێرەى بڕگەى حەوت لە مادەى حەوت لە یاساى پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا، دەبێت لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژدا لە یەکەم دانیشتنەوە، پارێزگار و دوو جێگرەکەى بە دەنگى زۆینەى رەهاى ئەندامانى ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن.
نەبوونى پارێزگار، حەوت هەزار دامەزراندنى راگرتووە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە (تۆڕى میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک و پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێیی، تائێستا 7 هەزار 300 پلەی فەرمانبەریی لە کەرکووک ماونەتەوەو پڕ نەکراونەتەوە.
ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو دامەزراندنانە پشکى کەرکووکە لەو 150 هەزار کەسەى لە سەرانسەرى عێراق بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن." گوتیشى: "وەک فراکسیۆنى یەکێتى داوامان کرد ئەو پرسە ئەنجوومەنى پارێزگا یەکلایی بکاتەوە، نەک تەنیا کەسێک."
ئەو دامەزراندنانە لە یاساى بودجەى گشتى عێراق دیاریکراوە، ئەحمەد کەرکووکى گوتى: "دەبێت لیژنەکانى ئەنجوومەنى پاریزگا پێکبهێندرێن و پێوەر و فۆرمەکان بۆ ئەو دامەزراندنانە دیاری بکەن کە بۆ سەرجەم فەرمانگەکانى کەرکووکە، بڕیارە بەمنزیکانە ئەو هەنگاوە بنرێت."
پڕۆژەکان لە بودجەی 2024 جێبەجێنەکراون کە ئێستا مانگی 7 بەرەو کۆتایی دەچێت، واتە تەنیا پێنج مانگ ماوە.
جێبەجێکردنى پڕۆژەکان پێویستى بە رەزامەندى ئەنجوومەنى پارێزگا و پەسندکردنى بودجەى شارەکە هەیە، بەرلەوەى لەلایەن حکومەتى خۆجێییەوە جێبەجێ بکرێت.
دلێر زێدان، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو پڕۆژانەى نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت ئەوانەن کە پەیوەندیدارن بە دیوانى پارێزگاوە کە پێویستى بە پارێزگارى نوێ و رەزامەندى ئەنجووەمەنى پارێزگا هەیە، لەوانە پڕۆژەکانى رێگەوبان و پرد."
یەک هەفتە دەرفەت
نزیکترین بۆچوون ئەوەیە کە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق هەفتەیەکی دیکە بداتە لایەنە براوەکانی کەرکووک، پاشان ئەگەر هەر رێکنەکەوتن خۆی کاروباری پارێزگای کەرکووک بەڕێوەببات و کەسێک لەجێگەی خۆی دابنێت بەوەکالەت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان.
لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو بۆچوونە خراوەتەڕوو کە بەهۆی ئاڵۆزی دانانی پارێزگارێک بە نۆرە لەلایەن لایەنە براوەکانی پارێزگای کەرکووکەوە، کەسێکی کریستیان بکرێتە پارێزگار.
تائێستا لایەنەکانى کەرکووک لەسەر پرسی پۆستى پارێزگار بە نۆرە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، کە نزیکترین سیناریۆى رێککەوتنە بەشێوەیەک دوو ساڵ بۆ کورد و دوو ساڵ بۆ عەرەب بێت.
عەزام حەمدانى، سەرکردە لە هاوپەیمانیى عەزم کە یەکێکە لە لایەنە عەرەبییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕى میدیایی روداوى راگەیاند، "دانانی پارێزگارێکى فیدراڵى لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە یەکێکە لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان، ئەگەر لایەنەکانى کەرکووک لەو بارەیەوە رێکنەکەون."
عەزام حەمدانى گوتى: "دانانى ئەو پارێزگارە بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى پارێزگاکە بەشێوەیەکى کاتییە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنەکان لەسەر دانانى پارێزگارێک رێکدەکەون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ