بەرپرسی ئەمنیى "ویلایەتى فەللوجەى" داعش لە سلێمانى دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق، دەستگیرکردنى 21 ئەندامى رێکخراوى داعشى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى راگەیاند. یەکێکیان بەرپرسی ئەمنیى ویلایەتى فەللوجەى رێکخراوەکە بووە.
 
ئەو شانەیە ئاماژەى بەوەداوە، ئەو 21 کەسە بە مادەى 4ى تیرۆر داوا کرابوون کە سزاکەى لەنێوان زیندانیکردنی تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە.
 
ئەو کەسانە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی شانەى رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى و بەڕێوەبەرایەتیى ئۆپەراسیۆنەکانى ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکراون. 
 
شانەى راگەیاندنى ئەمنى دەڵێت، دوو لەو کەسانە سەرکردە بوون لە رێکخراوى داعش. یەکێکیان بەرپرسى ئەمنیى ویلایەتى فەللوجەى رێکخراوى داعش بووە و ئەوى دیکەیان یاریدەدەرى کارگێڕى ئەو ویلایەتە بووە.
 
بە گوێرەی شانەى راگەیاندنى ئەمنى، دەستگیرکردنى ئەو 21 داواکراوە لەسەر بنەماى هەوڵى هەواڵگری مەیدانى بووە کە چەند مانگێکى  خایاندووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دەڵێت، بۆ ماوەی چەند مانگێک بەدواداچوون و چاودێریی وردی ئەو کەسانەیان کردووە کە بە ئامانجی خۆحەشاردان روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.