بیرەوەرییەکانی د.رۆژ؛ ئەو منداڵەی بە ساڵح جەبری گوت: نووری قۆندەرەیە و تۆش قەیتانی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن بیرەوەرییەکانی د. رۆژ نووری شاوەیس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بیروەرییەکانی د. رۆژ نووری شاوەیس، سیاسەتڤان و سەرکردەی کۆچکردووی کورد بڵاودەکرێنەوە. د. رۆژ لەبارەی هۆکاری نووسینەوەی یادەوەرییەکانی نووسیویەتی: "ئەو هۆ سەرەکییەی کە هانیدام بینووسمەوە و بیگێڕمەوە ئەوەیە کە خوێنەری کورد سوود لەو ئەزموونەم و ئەزموونی هەڤاڵانی خەباتم لەو ساڵە دوور و درێژانە وەربگرێ."
 
بیرەوەرییەکانی د. رۆژ نووری شاوەیس لە دوو توێی کتێبێکی 653 لاپەڕەیی بە ناونیشانی "گەشتێک بە ژیانی پێشمەرگایەتیم" بڵاوکراونەتەوە، کە بە ژیانی منداڵی دەستپێدەکات و بە هەڤپەیڤینێکی رووداو، کە لە 28-1-2021 لەگەڵی کراوە، کۆتایی دێت.
 
سەردەمی منداڵی
 
د. رۆژ نووری شاوەیس، کوڕی نووری سدیق شاوەیس یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی و ناهیدە شێخ سەلام، یەکەم سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانە.
 
د. رۆژ نووری شاوەیس، کە لە 7-12-1947 لە گەڕەکی مەڵکەندی سلێمانی لەدایکبووە، لەبارەی دایک و باوکییەوە دەڵێت: "ئەوان دوو تێکۆشەری گەورە و بە بڕوا و قاڵبوو بوون، باوەڕی تەواویان بە هەموو خەبات و ئامانجەکانیان هەبوو، کە بۆی تێدەکۆشان، دوور لە هەموو بەرژەوەندی و خۆویستی و تاکڕەوییەک. هەمیشە سەربەخۆ بوون لە بیروڕاکانیان، چ بۆ پێشکەوتنی نەتەوەیی یان پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی."
 
نووری شاوەیس، باوکی هەشت کوڕ بووە، وەک د. رۆژ نووری شاوەیس باسی دەکات، بەهۆی نەفیکردنی خێزانەکەیان لەلایەن حکومەتی عێراق و خەبات و تێکۆشانی دایکوباوکی، هەر منداڵێکیان لە شوێنێک لە دایکبووە. رەنج لە حلە، رزگار لە شەقڵاوە، راست لە کەربەلا، رەهێڵ لە کوت، بروسکە لە بەغدا، تیشک لە موسڵ و پشکۆ و رۆژ لە سلێمانی لەدایکبوون.
 
د. رۆژ نووری شاوەیس باس لەوە دەکات ئەو هەموو جێگۆڕکێیە بە سوود بۆ ئەوان شکاوەتەوە، هەرچەندە سەرەتا وەکو نامۆیەک سەیریان کردوون و تەنانەت شەڕیشیان پێ فرۆشتوون، بەڵام بەهۆی وەرزشەوە هاوڕێیەتیان دەکردن و پێکدەهاتن.
 
"مام جەلال بەردی گۆڕستانی شەهیدانی چینی بە دیاری بۆ دایکم هێنا"
 
د.رۆژ نووری شاوەیس، لە بەشێکی بیرەوەرییەکانی باس لەو کاتانە دەکات کە ماڵیان لە بەغدا بووە و دەڵێت: "لە بەغدا چەندان کەسایەتی بۆ خۆشاردنەوە لە حکومەت، بەهۆی کاری سیاسییەوە لە ماڵماندا ماوە ماوە ماونەتەوە، لەوانە ئیبراهیم ئەحمەد، لەو ماوەیەدا کتێبخانەکەی نووری شاوەیسی رێکخستووە و بەرگی تێگرتوون. مام جەلال بەر لە گەشتەکەی بۆ چین هاتە ماڵی ئێمە، کە هاتەوە دیاری بۆ هێناین. دیاری بۆ دایکیشم هێنا، کە پارچە قوماشێکی چینی بوو، لەگەڵ قووتووێکدا کە بەردی تێدابوو، دەیگوت ئەو بەردانە هی شەهیدانی گۆڕستانی چینە." 
 
باوکی د.رۆژ رۆڵی دیاری هەبووە لە پێگەیاندنی کوڕەکانی. د.رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت لە پۆلی دووی سەرەتایی بووە، کە باوکی کتێبێکی بەناونیشانی (فۆن موشن هاوس) پێداوە، کاتێکیش بووەتە پۆلی سێی سەرەتایی کتێبی (الفرسان الثلاثە)ی ئەلیسکاندەر دۆماسی بۆ هێناوە بیخوێنێتەوە.
 
سەبارەت بە قۆناخەکانی خوێندنیشی، د. رۆژ نووری شاوەیس دەڵێت، لە موسڵ شەشی سەرەتایی تەواو کردووە، سێی ناوەندی لە بەغدا تەواو کردووە، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و هەڵاتنی باوکی بۆ نێو شۆڕش پاش ئەوەی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، گەڕاونەتەوە سلێمانی، لەوێ شەشی ئامادەیی تەواو کردووە، دواتر بەشی کارەبای لە کۆلێژی ئەندازیازی زانکۆی مووسڵ تەواو کردووە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردووش لە ئەڵمانیا ماستەر و دکتۆرای خوێندووە.
 
"ساڵح جەبر قەیتانە و نووری سەعید قۆندەرە"
 
د. رۆژ نووری شاوەیس دوو لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی خۆی دەگێڕێتەوە کە ئەوکات ماڵیان لە بەغدا بووە، دەڵێت، رۆژێکیان لەگەڵ دایکی چوونەتە بەندیخانە بۆ سەردانی ئیسماعیل شاوەیسی مامی، کە ئەو کاتە لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی دەستگیرکرابوو. توفیق مونیر کە کەسێکی ناسراو بووە ئەویش لە زیندان بووە، لەوێ دایکی پێگوتووە ئەو دروشمە بڵێوە: "بڕوخێ ئیستعمار، بژی ئاشتی جیهانی، بڕوخی نووری سەعید بژی تۆفیق مونیر" زیندانییەکان کە هەموو لەو گرتووخانەیە کەسایەتی سیاسی بوون، هەموویان پێکەوە کەوتنە چەپڵەلێدان.
 
بیرەوەریی دووەمیشی هەر لەگەڵ دایکی بووە و ئەوکات تەمەنی حەوت ساڵ بووە، لەگەڵ ناهیدەی دایکی چوونەتە سەردانی شێخ حوسێنی شێخ عەبدولقادری گرپچنە کە لە نەخۆشخانەی مەجیدییە لە بەغدا خەوێندرابوو. د. رۆژ دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ناسراو لەوێ بوون، لەو کاتەدا بووە ژاوەژاو، گوتیان ساڵح جەبر (سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق) هاتووەتە نەخۆشخانە، کە ساڵح جەبر گەیشتە بەردەم هۆڵەکە دایکم پێیگوتم، تۆ بڕۆ ناوەڕاستی هۆڵەکە و هوتاف بکێشە و هاوار بکە، بڵێ: نووری سەعید قۆندەرە ساڵح جەبر قەیتانە. منیش دایکم چۆنی پێگوتم رێک وام کرد، بووە هەڵڵا، لە دواییدا بۆ رەواندنەوەی وەزعەکە شێخ سەلامی باپیرم بە ساڵح جەبر و یاوەرانی گوت: ناهیدەی کچم فەقیرە، تەنیا ئەو کوڕەی هەیە، ئەویش شێتە." 
 
د. رۆژ نووری شاوەیس باس لەوە دەکات ئەو کاتەی لە پەنجاکانی سەتەی رابردوو لە بەغدا بوونە، ژیانیان زۆر خۆش بووە، بەغدا باخ و باخاتێکی زۆری تێدا بووە، زۆرجار دەچوونە دەرەوە بە تایبەتی بە خێزانی دەچوون بۆ سینەما، بە تایبەتی ئەوکاتەی لە ناوەندی بووە بۆ ئەو زۆر خۆشبووە، لەگەڵ کاک ئیدریس و کاک مەسعود لە خوێندنگەی ناوەندیی غەریبییە بوونە، ئێواران دەچوونە ماڵی مەلا مستەفا تۆپێنیان دەکرد، گۆڕەپانێکی گەورەیان هەبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە