بوومەلەرزەیەک کرماشانی هەژاند

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شارۆچکەی گەوارەی سەر بە شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.4 پلەی رێختەر روویدا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بوومەلەرزەکە تائێستا هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە. 
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە کاژێر 06:35 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تەممووزی 2024 روویداوە، چەقی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی گەوارە بووە و لە قووڵایی 6 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
 
ناوەندی بوومەلەرزەکە لە دووری 12 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی گەوارە، 20 کیلۆمەتر لە کوزەران و 24 کیلۆمەتر لە کەرەندی رۆژئاوایە و لە شارەکانی دەوروبەر وەک داڵاهۆ، شائاباد و سەرپێل زەهاویش هەستی پێکراوە.
 
مەسعود میحنەتی، قایمقامی داڵاهۆ رایگەیاند، چەندین تیم بۆ ناوچەکە نێردراون بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ زیانەکانی بوومەلەرزە بکەن و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هیچ زیانێکی نەبووە.
 
شارۆچکەی گەوارە سەر بە شاری داڵاهۆیە و بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمیی ئێران کە لە ساڵی 2016 کراوە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 18 هەزار کەسە. 
 
لە 12ی تشرینی 2017، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر لە سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا، شارۆچکەی ئەزگەلەی سەر بەسەرپێڵی زەهاو ناوەندی بوومەلەرزەکە بوو. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، 620 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10 هەزار کەسیش برینداربوون، بە هەزاران خانوو و باڵەخانە لە شارەکانی سەرپێل زەهاو، شائاباد و سەلاسی باوەجانی رووخان. 
 
لە 24ی تشرینی 2018یش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر شاری سەرپێل زەهاوی هەژاند و بەهۆیەوە 776 کەس بریندار بوون.