دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات؛ لە سلێمانی 32 هەزار کەس سوودمەند دەبن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی شێوازی پڕکردنەوەی فۆرمی بۆ فەرمانبەران بڵاو کردەوە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، لە 45 شارەوانیی سنوورەکەیان زەوی بۆ فەرمانبەران ئامادەکراوە. بەرپرسانی هەولێر و دهۆکیش دەڵێن، لە کارکردندان بۆ دابەشكردنی زەوی.
 
سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە 22-07-2024 بڵاوی کردووەتەوە  و نموونەی فۆرمێکی داناوە بەناوی "بەڵێننامە و فۆرمی داواکردنی وەرگرتنی زەوی، تایبەت بە فەرمانبەران".
 
لە فۆرمەکەدا داواکار دەبێت چەند خاڵێک بە دروستی پڕبکاتەوە کە ئەمانەن:
 
- ناوی چواری داواکاری زەوی (فەرمانبەرەکە) 
- ناوی چواری دایک 
- شوێنی نیشتەجێبوون بە گوێرەی کارتی زانیاری 
-شوێنی لەدایکبوون 
- باری خێزانی
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- ئەو فەرمانگەیەی کاری لێ دەکات
- ژمارەی ساڵەکانی راژەی بە نووسین و بە ژمارە
- پشتگیریی بەردەوامبوون لە راژەکەی 
- ناوی هاوژین و منداڵەکانی.
 
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فۆڕمی وەرگرتنی زەوی دابەشکراوە و ئامانجمان ئەوەیە فۆرمەکان بە دروستی پڕبکرێنەوە و فەرمانبەران بتوانن سوودمەند بن".
 
ئاوات دەباخ دەڵێت، لە سنووری شارەوانییەکانی سلێمانی 45 شارەوانی هەن و هەر شارەوانییەک لای خۆیەوە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادەکردووە؛ گوتیشی: "بەگشتی لە سنووری ئێمەدا نزیکەی 32 هەزار کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە رووداوی گوت، هەموو ئامادەکارییەکانی پێدانی زەوی تەواو کراوە و لە "چەند رۆژی داهاتوودا" دوای کۆبوونەوەیەک دابەشكردنە رادەگەیێنێت.
 
هاوکات دیار بەحری، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و سەرقاڵی کارکردنین تێیدا بۆ ئەوەی بتوانین زەوی بۆ هەموو ئەوانە دابینبکەین بەگوێرەی بڕیارەکە دەتوانن سوودمەند بن".
 
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوونی پێشتری فەرمانبەرەکەیە و دەبێت بەڵێننامەش پڕبکاتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت.
 
گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی گوتی، سەرجەم شارەوانییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکەدا رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
 
- فۆرم پێویستە بە 3 نووسخەی دەستنووس پڕ بکرێتەوە و بۆ لیژنەکە بگەڕێندرێتەوە.
- کۆپی رەنگاوڕەنگی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی هاوپێچ بکرێت لەگەڵی.
 
رێکارەکان لە کاتێکدان، 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.
 
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکەم نمایشی فیلمی شاردنەوەی سەدام

فیلمی 'شاردنەوەی سەدام' 12 ساڵ کاری تێدا کراوە

فیلمی "شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی دڵگیری عەلا نامیق دەگێڕێتەوە، کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.