رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق کۆبوونەوە. ئەو باڵیۆزە بە فەرمی بانگهێشتنامەیەکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکێش کرد، بە مەبەستی بەشداریکردنی لە کارەکانی لووتکەی سەرکردەکانی جیهان لە کۆنگرەی نەتەیەکگرتووەکان بۆ ئاو و هەوا (COP29) کە بڕیارە لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
کۆنفرانسەکە لە 11 تاوەکو 22ـی مانگی نۆڤەمبەری 2024 لە باکووری ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت؛ بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نهسير ماممادۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا. دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی تاوتوێکران.
کۆبوونەوەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئازەربایجان رۆژی دووشەممە 22-07-2024 کرا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئازەربایجانەوە بانگهێشتی لووتكهى سهركردهكانى جيهان له كۆنگرهى نهتهوه يهكگرتووهكاندا بۆ ئاو و ههوا (COP29) کراوە.
کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 29یش ئاماژەیە بۆ 29ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.
رۆژی 30-11-2023 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهسهر بانگهێشتى فهرميى شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات و بۆ بەشداریکردن لە كۆنفرانسى نهتهوه يهكگرتووهكان بۆ گۆڕانى كهشوههوا (COP28) سەردانی دوبەی کرد.
کۆپ 28 بە بەشداریی زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 200 دەوڵەت و حکومەتی جیهان لەگەڵ هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرووپە جیاوازەکانی گەنجان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەچوو.
![وێنەیەکی کۆبوونەوەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/2024/07/22/viber_image_2024-07-22_13-58-54-051.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ