کەسی یەکەمی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک کۆبوونەوە؛ نەگەیشتنە بڕیارێکی هاوبەش

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک
کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ رێکخستنی گوتار و هەڵوێستەکانیان، کەسی یەکەمی پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک، دوای 90 خولەک کۆبوونەوە، نەگەیشتنە بڕیارێکی هاوبەش.
 
پارتی کە بە رێککەوتن لەگەڵ عەرەب و تورکمان تۆمەتبار دەکرێت، رەتیدەکاتەوە رێککەوتنی لەو شێوەیەی کردبێت و سوورە لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد.
 
محەممەد کەمال، بەپرسی لقی سێی پارتی دەڵێت ''پارتی لەسەرەتاوە گوتوویەتی پارێزگاری کەرکووک دەبێت کورد بێت، خەڵکی دیکەش رێککەوتنی هەیە و پارتیش گفتوگۆی هەیە، مافی خۆیەتی هەروەک چۆن مافی هەموو لایەکە گفتوگۆ بکات و کارێکی ئاساییە، بەڵام رێککەوتنی کۆنکرێتی تاوەکو ئێستا نەبووە و پشت بەخوا ئەوەش دەبێت.''
 
لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە، ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان بوو لە ئاستی کەسیی یەکەم لە کەرکووک، یەکێتی دەڵێت؛ 'کەم باسی پرسی پارێزگار و زۆر باسی سەرژمێریمان کرد.'
 
رەوەند مەلا مەحموود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی بە رووداوی گوت ''کەم باسی پارێزگار کرا، تەنیا ئەوە نەبێت کەمێک باسی ئەوە کرا گرنگە پارێزگاری کورد بۆ شاری کەرکووک دابنرێت. ئێمە پشتگیری خەڵکی کەرکووک دەکەین و لەگەڵ ئەوەداین بەپێی شایستەی هەڵبژاردن هەر لایەک پشکی خۆی بەربکەوێت.''
 
باسی گەرمی هاونیشتیمانییانی کەرکووک، پرسی دانانی پارێزگار و ساردوسڕیی نێوان پارتی و یەکێتییە، ئومێد دەکەن ئەم دۆخە پۆستی پارێزگار لە دەستی کورد نەدات.
 
جومعە عەبدولخالق هاونیشتیمانیی کەرکووک دەڵێ "یەکهەڵوێستی خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، داوادەکەین هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار یەکهەڵوێست بن، چونکە یەکهەڵوێستی لەم شارە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و ئەوپەڕی دڵخۆشییە، ئەگەر یەکهەڵوێستی نەبێت، ئەوکات میللەت لەم شارە بێ پشت دەبێت."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی مەعرووف ئیسماعیل داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات "ناکۆکی بچووکی حیزبی نێوانیان وەلاوە بنێن، چونکە نەتەوە زۆر لە حیزب گەورەترە و هەوڵبدەن هەرچی ناکۆکی حیزبیی نێوانیان هەیە، بگوازنەوە بۆ هەوڵێر و سلێمانی و لە کەرکووک دەریبکەن."
 
لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا، حیزبە کوردستانییەکان دووپاتیان کردەوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، پشکی کوردە و بۆ بەدەستهێنانەوەی داوای یەکڕیزییان لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کرد.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە