وەزارەتی دارایی: پارەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی یەکەی 70 خەرج دەکرێت

22-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خانەنشینانی یەکەی 70ـی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەی دوو مانگی ئەو خانەنشینانە بەشێوەی سولفە خەرج دەکرێت، تاوەکو بە فەرمی دۆسێکانیان دەدەنە وەزارەتەکەیان.
 
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری فەرمانی کرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 بەشێوەی سولفە تاوەکو کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت".
 
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی 4 ملیار دینارە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "مووچەی ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری".
 
وەزیری دارایی دەڵێت، بە گوێرەی یاسای چاکسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی 70 "هیچ داتا و زانیاری و دۆسێیەکیان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بۆیە لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە".
 
ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکەی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن یان نەدانی مووچەی ئەو خانەنشینانە و راشیگەیاندووە: "پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کار بکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات دۆسێکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان".
 
ئەمە لەدوای ئەوە دێت، بەشی زۆری هێزەکانی یەکەی 70 کە بڕیاربوو ئەم مانگە مووچەی مانگەکانی 5 و 6 پێکەوە وەربگرن، بەڵام یەک مووچەیان وەرگرتووە و خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە ئەوان ناگرێتەوە.
 
بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبوو 18-07-2024، وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزەکانی زێرەڤانی، هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دوو مووچەی دواخراویان وەربگرن کە مووچەکانی مانگی پێنج و شەشی رابردووە.
 
نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەی یەکەی 70 لە بانکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی مووچە وەردەگرن. شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکەکە شەممەی رابردوو بە رووداوی گوت، نزیکەی دوو هەزار و 800 پێشمەرگە مووچەی یەک مانگ وەردەگرن. گوتیشی، "وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێمەیان گوتووە بە پێشمەرگەکان بڵێین مووچەی مانگی شەشیان لەگەڵ مانگی حەوتدا پێ دەدرێت".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.