پەروەردەی سلێمانی: پێداچوونەوەی پەڵپگرتنی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی کەمتر لە 48 کاژێر دەخایەنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو 25ـی تەممووز، دەرگەی قوتابخانەکان بۆ وەرگرتنی پەڵپی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی لە نمرەکانیان کراوە دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قوتابیان دەتوانن لە نمرەی هەر وانەیەک بیانەوێت، پەڵپ بگرن.
 
رۆژی دووشەممە، 22-07-2024، عومەر محەممەد ئەمین، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژیر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی رێکارەکانی پەڵپگرتنی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی کە ناڕازین لە نمرەکانیان رایگەیاند: ''سەرەتا قوتابی سەردانی قوتابخانەکەی خۆی دەکات و فۆرمێکی تایبەت کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتییەوە گشتاندنی بۆ کراوە، بۆ وانەکە پڕ دەکاتەوە.''
 
رۆژی 19ـی تەممووز ئەنجامی تاقیکردنەوەی 12ـی ئامادەیی راگەیێندرا و  بەپێی وەزارەتی پەروەردە، ''هەر قوتابییەکی 12ی ئامادەیی کە ناڕازییە لە نمرەکەی و پێی وایە ستەمی لێکراوە، دەتوانێت لە 21ی تەممووزەوە تاوەکو 25ی هەمان مانگ فۆرمی پەڵپ پڕبکاتەوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیدا بکرێت.''
 
عومەر محەممە ئەمین گوتی: ''رۆژی 25ـی تەممووز لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی پەڵپی قوتابیان لە هەر 10 پەروەدەی سنوورەکە وەردەگرین و ئەنجامەکە دەنێردرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە؛ لەوێش سەیری پەڵپەکان دەکرێت و دوای 24 بۆ 48 کاژێر ئەنجام رادەگەیێندرێت''. 
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 25ی مانگ، دەرگای سەرجەم قوتابخانەکان بۆ وەڵامدانەوە و پڕکردنەوەی فۆرمی پەڵپگرتن بۆ قوتابیان کراوە دەبێت.
 
تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی لە رێگەی فۆرمێک بە ناوی ''سۆما''ـوە وەڵام دەدرێنەوە. بەگوتەی عومەر محەممەد ئەمین، "ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی پەڵپگرتنی قوتابیان لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان کەمتر بووەتەوە، چونکە هەڵەگیری لە رێگەی ئامێرێکەوەیە و کەمتر هەڵەی تێدا دەکرێت، بەڵام ئەگەر یەک کێشە لە فۆرمەکەدا هەبێت، بۆ نموونە، شوێنەواری کوژانەوە لە خانەکاندا هەبێت ئامێرەکە نایخوێنێتەوە.''
 
بۆ پەڵپگرتن لە هەر وانەیەک، پێویستە قوتابی بڕە پارەیەک بدات. یاریدەرەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی: ''لە پەروەردەکان ئەم بڕە پارەیە وەردەگیرێت. پارەکە زۆر نییە و بۆ هەر وانەیەک 3 هەزار بۆ 5 هەزار دینار دەبێت". 
 
بەگوتەی عومەر محەممەد ئەمین، هەر قوتابییەک دەتوانێت بە دڵخوازی خۆی پەڵپ لە نمرەی هەر چەند وانەیەک کە بیەوێت، بگرێت و گوتی: ''تەنانەت قوتابی دەتوانێت بۆ پەڵپگرتن لە نمرەی هەر 6 وانەکەی، فۆرم پڕ بکاتەوە.''
 
بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە، 8 کەس یەکەم بوون، 16 کەس دووەم و 19 کەس سێیەم.
 
تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە رۆژی 23ـی حوزەیران دەستیانپێکرد و دوایین تاقیکردنەوەش 17ـی ئەم مانگە بوو.
 
به ‌گوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، 122 هەزار و 15 قوتابی به‌شدارییان لە تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی پۆلی 12 کرد کە به‌سه‌ر دوو هه‌زار و 115 هۆڵدا دابه‌ش كرابوون.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات؛ لە سلێمانی 32 هەزار کەس سوودمەند دەبن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی شێوازی پڕکردنەوەی فۆرمی بۆ فەرمانبەران بڵاو کردەوە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، لە 45 شارەوانیی سنوورەکەیان زەوی بۆ فەرمانبەران ئامادەکراوە. بەرپرسانی هەولێر و دهۆکیش دەڵێن، لە کارکردندان بۆ دابەشكردنی زەوی.