رووداو دیجیتاڵ
رۆژانە لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، ئەو شوێنەی خۆڵ و خاشاکی شارەکەی لێ کۆدەکرێتەوە، سەتان تۆن خاشاک ژێر خاک دەخرێت.
نەبوونی کارگەی ریسایکلینی پێویست، شارەکانی هەرێمی کوردستانی دووچار بە ژێر خاککردنی هەمووجۆرە پاشماوەیەک کردووە.
چەند سەد مەترێک ئەولا تری ناچەی فرێدانی خاشاک لە سلێمانی، کارگەی 'چارەسەرکردنی پاشماوەی رەق' هەیە کە کەرتی تایبەت دروستی کردووە. رۆژانە لەوێ ناتواندرێ تەواوی پاشماوەی شارەکەی لێ جیابکرێتەوە و دووبارە بەکاربهێندرێتەوە.
توانا جەعفەر، بەرێوەبەری بەرهەمهێنان لە کارگەی چارەسەری پاشماوەی رەق لە سلێمانی دەڵێت، "ئەو شێوازە کۆنەی چارەسەری پاشەڕۆ زیانی ژینگەیی و تەندروستی هەیە، بەهۆیەوە دەرهاوێشتەی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و میسانی هەیە، بەڵام ئەم کارگەیەی ئێمە سوودێکی زۆر بە ژینگە دەگەیێنێت."
با و رەشەبا زیانەکانی زبڵەکە هاوشێوەی پاشماوەکان بە ئاسماندا دەبات و بڵاوی دەکاتەوە، ئەوانەی لەنێو خاشاکەکەی تانجەرۆ کار دەکەن، نەیانویست روو لە کامێرا قسە بکەن، بەڵام بە رووداوی گوت، ئەو جێگەیە چاڵێکی قووڵ بوو، بەڵام ژێر خاک کردنی زبڵ کردوویەتی بە شاخێک، ئەوەش زیان بە زەوی دەگەیێنێت.
عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆری بواری ژینگە دەڵێت، بەهۆی ژێر خاک کردنەوە، زیان بەئاوی ژێر زەوی و زەوییە کشتوکاڵییەکانیش گەیشتووە.
جگە لە پاشماوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان، پاشماوە پزیشکییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆرینە بە ژێر خاک کردن چارەسەر دەکرێن، جگە لە سلێمانی لە گەرمیانیش بەهەمان شێوە دەکرێنە ژێر خاکەوە.
تۆفیق محەممەد، لێپرسراوی چاودێریی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، "نەخۆشخانە حکومییەکان و تایبەتەکانیش پاشماوەکانیان تێکەڵ بە هی ئاسایی دەکرێت، بەوهۆیەوە چەندین کەس لەوانەی ئەو پاشەڕۆییانە کۆدەکەنەوە تووشی نەخۆشی بوون."
بۆ چارەسەری پاشماوە پزیشکییەکان، وەزارەتی تەندروستی سووتێنەری هەیە، بەڵام لە بەشێک لە شارەکان بەهۆی نەبوونی پێداویستیەکانیان و زۆریی پاشماوەکان هەر ژێر خاک دەکرێن. بەگوتەی ژینگەدۆستان، زیانەکانیان زیاتر لە پاشماوەی ئاساییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ