رۆژانە 2800 تۆن زبڵ لە پارێزگای ورمێ ژێرخاک دەخرێن

23-07-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پاریزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژانە دوو هەزار و 800 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە و بەهۆی نەبوونی کارگەی ریسایکلینەوە بە شێوەی هەڕەمەکی ژێرخاک دەخرێن. جێگری پارێزگای ورمێ دەڵێت، "ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بین، تاوەکو 20 ساڵی دیکە شوێنمان دەستناکەوێت زبڵی تێدا ژێرخاک بکەین".
 
یاسر راهبوردین، جێگری پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بە میدیاکانی راگەیاند، "رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار و 800 تۆن زبڵ و خاشاک لە سەرجەم پارێزگای ئورمییە کۆدەکرێتەوە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەخرێنە ژێرخاک".
 
یاسر راهبوردین دەڵێت، "بەهۆی نەبوونی کارگەی ریسایکلینەوە بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی پارێزگەکە بە زبڵ و خاشاک پیسبوون کە ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژینگەی دەوروبەری شارەکان هەیە".
 
جێگری پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە هۆشداری دەدات کە ئەگەر ژێرخاککردنی زبڵ و خاشاک بەو قەبارە زۆرە بەردەوام بێت و بیر لە چارەسەری ریشەیی نەکرێتەوە، "تاوەکو 20 ساڵی دیکە شوێنی گونجاومان نامێنێت بۆ ئەوەی بتوانین زبڵ و خاشاکی تێدا ژێر خاک بکەین".
 
بە گوتەی یاسر راهبوردین، ئێستا تەنیا لە شارەکانی پیرانشار و تیکاب شوێن بۆ دامەزراندنی کارگەی ریسایکلین دیاریکراوە و بڕیاریشە کارگەیەکی هاوبەش بۆ مهاباد و میاندواو بکرێتەوە "بۆ ئەوەی چی دیکە ناچار نەبین زبڵ بەو شێوە هەڕەمەکییە ژێرخاک بکەین، بەڵام ئەوانیش کاتیان پێویستە بۆ ئەوەی بخرێنە کارەوە".
 
جێگری پارێزگای ورمێ پێیوایە، ژێرخاککردنی زبڵ بەدەر لە زیانگەیاندن بە خاک، زیان بە ئاوی ژێرزەوی و ئەو ئاژەڵ و خشۆکانەش دەگەیەنێت کە لە ناوچەکە دەژین و دەشڵێت، ئەوەی دەکرێت "بەگشتی کاریگەرییەکانی لەسەر ئیکۆسیستمی ناوچەکەمان بەدیارکەوتووە".
 
بەپێی سەرژمێری ساڵی 2021ـی ناوەندی ئاماری ئێران، سێ ملیۆن و 445 هەزار و 500 کەس لە پارێزگای ورمێ نیشتەجێن کە یەک ملیۆن و 702 هەزار و 500 کەسیان ژن و یەک ملیۆن و 743 هەزار کەس پیاون. لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 308 هەزار و 500 کەس لە شارەکان نیشتەجێن و یەک ملیۆن و 137 هەزار کەسیش دانیشتووی گوندەکانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."