رووداوێکی خەمناکی هاتووچۆ لە هەولێر؛ سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەولێر سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە ئەندامی یەک خێزان بوون. لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا پیک ئاب بە خێراییەکی زۆر کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و دەپەڕێتەوە سایدی بەرامبەر و خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلێکی هیۆندا ئەلنترا کە دوو هاوژین و منداڵێکی تێدا بووە و گیانیان لەدەستدا.
 
فەرهەنگ مەحموودی 29 ساڵ، ئیمان سەعدوونی هاوژینی کە 25 ساڵ و منداڵە 5 ساڵانەکەیان بە ناوی ئاران لە رووداوە هاتووچۆکەدا گیانیان لەدەستدا. زیاد تەها، پاسەوانی گەراجێکی سەر شەقامەکەیە و چیرۆکی چەند خولەکێک دوای رووداوەکە دەگێڕێتەوە، دەڵێت، "گوێم لە ستۆپی ئۆتۆمبێل نەبوو کە لەو خێراییە ستۆپ بکات، تۆیۆتاکە زۆر بەخێرایی هات و پەڕییەوە ئەوبەری شەقامەکە، شوێنی تایەی ئۆتۆمبێلەکە بە شۆستەکەوە دیارە. لە ژیانم رووداوی ئەوهام نەبینیوە."
 
رووداوەکە کاژێر 12:37ـی خولەکی شەوی 22ـی ئەم مانگە روویدا، فەرهەنگ و هاوژین و منداڵەکەی دوای سەردانی نەخۆشێکی خزمیان، ویستوویانە لە هەولێرەوە بگەڕێنەوە ماڵ لە گەڕەکی ژینی دارەتوو، بەڵام رووداوەکە رێگەینەدا بە سەلامەتی رێگەی ماڵەوە تەواوبکەن.
 
ئەزوەر ئەنوەر، خاڵی ئیمان سەعدوون بە رووداوی گوت، لەسەر ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکە ژمارەیەکیان دەرهێنابوو کە پەیوەندییان کرد، کاژێرێک دوای رووداوەکە بوو، ئەوەی باسکراوە سەرەتا دووانیان لە ژیان مابوون، بەس هەتا ئێمە دوای کاژێرێک گەیشتین، هەرسێکیان لە ژیان نەمابوون."
 
رووداوەکە لە شەقامی مزگەوتی رێگەی بەهەشت کە هەولێر بە ناحیەی دارەتوو دەبەستێتەوە، روویداوە، ئەو شەقامە خێرایی هاتووچۆ تێیدا سنووردارە. سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە پیک ئابەکە سێ گەنج بوون، هەرسێکیان لە رووداوەکە بریندرابوون، ئێستا لە نەخۆشخانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون و دوای وەرگرتنی چارەسەری، دەدرێنە دادگە.
 
لە 72  کاژێری رابردوودا لە هەرێمی کوردستان، 12 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 34 کەسیش برینداربوون.