بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی ئاوی بۆکان و 10 فەرمانبەری فەرمانگەکە سزادران

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی دادی پارێزگەی ورمێ رایگەیاند، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی ئاوی شاری بۆکان و 10 فەرمانبەری فەرمانگەکە لەسەر گەندەڵی سزای زیندانیکردن و پێبژاردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی دادی پارێزگاری ورمێ، لقی 2ی دادگەی تاوانەکانی شاری بۆکان، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی ئاوی ئەو شارە و 10 فەرمانبەری بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، سزای زیندانیکردن، قامچی لێدان و پێبژاردنی ئەو پارەیەی وەریانگرتووە، بەسەردا سەپاندوون.
 
پەیوەندییەکانی دادی پارێزگای ورمێ دەڵێ، ئەو کەسانە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا مۆڵەتی نایاساییان بە خەڵک داوە.
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دادی پارێزگای ورمێ دەڵێت، زانیاری هەبوو ژمارەیەک کەس لە فەرمانگەی ئاوی بۆکان مۆڵەتی نایاساییان داوە و "بەوردی لێکۆڵینەوە کرا و دەزگا چاودێرەکان بەڵگەنامەیان کۆکردەوە. لە ئەنجامدا دەرکەوت کە گەندەڵی کراوە و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیەدا بکرێت".