250 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە پارێزگای لوڕستان سووتا
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو زیاتر لە 250 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە پارێزگای لوڕستان سووتا.
حوسێن میرزایی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە واتە لە 21-3-2023ـەوە 600 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لەو پارێزگایە سووتاوە و بەشی زیاتری لەوەڕگە بووە.
زیاترین رووداوی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە لە مانگی یەکەمی هاویندا تۆمار کراوە. دوێنێ هەینی 100 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە سنووری شارەکانی ئەزنا و چێگەنی سووتاوە؛ هەروەها هەفتەی رابردوو 150 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە ناوچەی چگەنی سووتاوە و دوو کەس لەسەر ئاگرتێبەردانیان دراونەتە دادگە.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، ئەمساڵ بۆ چاودێریکردنی زیاتری دارستانەکان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرگرتنەوەکان لە توانای خەڵکی ئاسایی کەڵک وەردەگرن و 550 کەس وەکو ژینگەپارێزیی خۆبەخش هاوکارییان دەکەن.
نزیکەی 75٪ی رووبەری پارێزگای لوڕستان کە دەکاتە 2 ملیۆن و 200 هەزار هێکتار، دارستان و لەوەڕگەیە.