لە موسڵ پردێکی هاوشێوەی پردی دەلال دروستدەکرێت؛ شوێنەواری زاخۆ سکاڵا تۆماردەکات

22-07-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن پردی دەلال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ دەڵێت، شوێنەواری موسڵ پردێکیان دروستکردووە هاوشێوەی پردی دەلال، بەڵام رێگە بەوە نادەن و سکاڵای یاسایی دژی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری موسڵ تۆمار دەکەن. 
 
رۆژی شەممە 22-07-2023 محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداربووین پردی ئاسکی موسڵ دروستکراوە و زۆربەی کارەکانی تەواوبووە، کە هاوشێوەی پردی دەلالی زاخۆیە و لەو بارەوە هیچ پەیوەندییەکمان پێوە نەکراوە، تاوەکو کارەکانیان تەواو کردووە و دواتر رایانگەیاند".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر کردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سکاڵای یاسایی دژی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری موسڵ تۆمار بکەن و دەڵێت، "لەرێگەی نوێنەرانیشمان لە بەغدا، داوامان کردووە کار بۆ گۆڕینی دیزایینی پردەکە بکرێت و هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین، چونکە لە یاسای شوێنەواریشدا رێگە نادرێت شوێنێکی شوێنەواری دروست بکرێتەوە".
 
محەممەد ئەحمەد گوتی، "بەپێی یاسای شوێنەواریی عێراق، ژمارە 55ـی ساڵی 2002، نابێت شوێنەوار دروستبکرێتەوە یاخود دەستکاریی بکرێت، تەنانەت بە گوێرەی یاسای شوێنەواری حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 5ـی ساڵی 2021، مادەی 23، نابێت هیچ شوێنەوارێک دووبارە بکرێتەوە، بۆیە وەکو زاخۆ ناڕازین بەرامبەر دروستکردنی پردی ئاسکی موسڵ".
 
بڕیارە لەبارەی دروستکردنی پردی ئاسکی موسڵ، شاندێک لە موسڵەوە سەردانی زاخۆ بکەن. بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ دەڵێت، "پردی دەلال تاکە پردە بەو شێوەیە لە هەموو جیهاندا و لەسەر رووباری خاپوور لەسەردەمی رۆمانییەکاندا دروستکراوە".
 
پردی دەلال لە زاخۆ پێش 1500 ساڵ دروستکراوە، 18 مەتر لەسەر رووباری خابوورەوە بەرزە و درێژییەکەی 140 مەترە و پانییەکەی چوار مەتر و 75 سانتیمەترە. پردەکە شوێنێکی گەشتیاریی بەنێوبانگە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەهۆی ئەو پردەوە سەردانی زاخۆ دەکەن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە