پارێزگاری هەولێر: بۆریی ئاوی ئیفراز سێ دەگۆڕدرێت

22-07-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
نیشانەکردن بۆریی ئاوی ئیفراز سێ
A+ A-

رووداو دییجتاڵ

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە لەسەر گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە و بودجەی پێویستیش بۆ گۆڕینی بۆرییەکە زیاتر لە 20 ملیار دیناری عێراقییە. 
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی هەینی 22-07-2022، روونکردنەوەیەکی لەبارەی شکانی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، دواى ئەوەی داوایان لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران کرد بۆ گۆڕینى بۆریی ئاوى ئیفراز سێ کە درێژییەکەى (11) کیلۆمەترە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە لەسەر گۆڕینی بۆرییەکە کە بودجەی پێویست بۆی زیاتر لە 20 ملیار دینارە.
 
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، مەسرور بارزانی خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و "فەرمانی پێکردووین بەپەلە چارەسەرى ئەم گرفتە بکرێت و دەستبکرێت بە پڕۆسەى گۆڕینى بۆرییەکە." دەشڵێت، "وەکو قۆناخی یەکەم لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بە گوژمەی پێنج ملیار دینار دەستدەکرێت بە گۆڕینی بۆرییەکە کە چارەسەری 85٪ـی کێشەکە دەکات."
 
لەبارەی هۆکاری شکانی بەردەوامیی بۆرییەکە کە لە لایەن ئەمریکاوە دروستکراوە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەم جۆرە بۆرییە ماوەیەکى دیاریکراوى هەیە بۆ کارکردن و لەدواى بەسەرچوونى ماوەکەى، بەرگەگرتنى نامێنێت و بەبچووکترین بەرکەوتن دووچارى شکان دەبێت. دەشڵێت، "هۆکارى سەرەکیى شکانى یەک لەدواى یەکى بۆرییەکە، بەسەرچوونى ماوەکەیەتى."
 
ئەمڕۆ هەینی 22-07-2022 بۆ چوارەم جار لەماوەی مانگێکدا بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شکا. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەبارەی شکانی بۆرییەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەمان ئەو شوێنەی کە چەند رۆژێک پێش ئێستا شکابوو، جارێکی دیکە بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شکایەوە.
 
زەردەشت عەبدولخاق، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە شوێنی شکانی بۆرییەکە بە رووداوی راگەیاند، بە دووری 40 مەتر لە وێستگەی مارعۆدا شکاوە و گوتیشی، "ئەمە جاری سێیەمە [ لەم مانگەدا] بۆرییەکە دەشكێت."
 
لەبارەی هۆکاری شکانی بۆرییەکەشەوە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر باسی لەوە کرد، بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە مادەی فایبەر گڵاس دروستکراوە و تەندروستیی جیهانی رێگەی داوە کە ئاوی بۆرییەکە بۆ خواردنەوە بەکاربهێندرێت. دەشڵێت، تیمەکان خەریکی چاککردنەوەی بۆرییەکەن و تاوەکو درەنگانی ئەمشەو ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکانی هەولێر.
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ـی ئاوی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دەکات. گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.
 
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ 15 ساڵە دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات. هەر جارێک بۆریی ئاوی ئیفراز سێ بشکێت، لە هەر کاژێرێکدا نزیکەی 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆ دەچێت.
 
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە. ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە