شەڕ لەنێوان دوو خێزان لە سەنگەسەر روویدا؛ کوژراو و بریندار هەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمشەو پێنجشەممە لە ئۆردووگای سەنگەسەر لە دەڤەری راپەڕین شەڕ لەنێوان دوو خێزاندا روویدا و بەهۆیەوە بە گوتەی پۆلیسی راپەڕین، کەسێک کوژراوە و دوو کەسێکی دیکەش بریندارن.
 
شایەتحاڵێکی نزیک لە رووداوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەڕەکە نزیکەی کاژێر 10:00 دەستیپێکردووە. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، کەسێک کوژراوە و دوو کەسیش بریندارن. ئێستاش شەڕەکە کۆتایی پێهاتووە.
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسەی کوژراوە بە مەبەست نەبووە و بەڵکو بکوژ مەبەستی کەسێکی دیکە بووە، کاتێک تەقەی کردووە ئەو ژنە گولـلەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە."

ئەو ژنەی کوژراوە ناوی ( ن . ر . ح)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1972ـە. پیشەی ژنی ماڵ بووە و دانیشتووی شارۆچکەی سەنگەسەر بووە. تەرمەکەیشی براوەتە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، "شوێنەواری یەک گولـلە بە جەستەیەوە بووە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، تۆمەتباری کوشتنی ئەو ژنە ئامۆزای هاوژینی ژنەکەیە و پەیوەندیی خزمایەتی لەنێوانیاندایە. ئەو دوو کەسەی برینداریشن، یەکێکیان کوڕی ئەو ژنەیە کە کوژراوە و یەکێکیشیان خاوەنی ئەو ماڵەیە کە سەردانیان کردووە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی بۆ رووداو نێردراون، ژمارەیەکی زۆری هێزی ئەمنی و ئەمبوڵانس لە شوێنی رووداوەکە دەبیندرێن. لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی سەنگەسەریش خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە.
 
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵەی قسەی بۆ رووداو کرد، ماڵی یەکێک لەو خێزانانەی شەڕەکە لەنێوانیاندا روویداوە، پێشتر لە هەولێر بوونە و دوو ساڵە چوونەتەوە ئۆردووگای سەنگەسەر.