ئاگر لە کەمپی ئاوارەکان لە عەربەت کەوتەوە؛ منداڵێک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە کەمپی ئاشتی لە عەربەت کەوتەوە کە تایبەتە بە پەنابەران، بەهۆیەوە چەند خێمەیێک سووتان و منداڵێکیش گیانی لەدەستدا. 
 
رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگرەکە نزیکەی کاژێر 02:50 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 22ـی تەممووزی 2021 کەوتووەتەوە. "لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکە، شەش خێمە سووتان و منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان گیانی لەدەستدا."
 
رێکان جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، روون نەبووەتەوە کە ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی کوێیە لە کەمپەکەدا دەژی، ئەوەی ئاشکرابووە ئەوەیە کە "کوڕ بووە، تەمەنی هەشت ساڵان بووە و کەسی دیکەش بریندار نەبووە."
 
ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ زانینی هۆکارەکەی.
 
کەمپی ئاشتیی ئاوارەکانی بەشێک لە ئاوارەکانی شنگال، هەروەها پارێزگاکانی سەلاحەدین و نەینەوای تێدایە. 
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوە کرد، چوار خێمە بەتەواوی سووتاون. عەلی حاجی فەتاح، سەرپەرشتیاری کەمپەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، "کاژێر 02:45 خولەک بوو کە پێیان راگەیاندم ئاگرکەوتووەتەوە."

لەبارەی زیانەکانی ئاگرەکە، عەلی حاجی فەتاح گوتی، "چوار خێمە سووتاون و منداڵێکیش کە لە یەکێک لە خێمەکاندا بوو، گیانی لەدەستدا."

پەخشان تۆفیق، سەرپەرشتیاری کەمپی ئاشتیش ئاماژەی بەوە کرد، "ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، ئەو خێمەیەی کە شۆرتی کارەباکە تێیدا روویداوە، چۆڵ بووە و خێزانەکەی کە تێیدا نیشتەجێن، لە سەفەر بوون."

پەخشان تۆفیق رووداوەکە بە نەخوازراو ناودەبات و دەڵێت، کامپەکە کێشەی کارەبای نییە.