لە بنەسڵاوە پیاوێک هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای بنەسڵاوە پیاوێک هاوژینەکەی بە بەرچاوی دایک و خوشکەکانییەوە دەکوژێت. پۆلیسی هەولێریش دەڵێت رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و بکوژەکەش دەستگیرکراوە.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی سێشەممە 21-7-2020 پۆلیسی بنەسڵاوە ئاگادارکرایەوە لە رووداوێکی تەقەکردن، دەستبەجێ تیمەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە تەرمی ژنێکی 35 ساڵ لە ماڵی کەسوکارەکەیدا دەدۆزنەوە کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە".

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، بەگوتەی کەسوکاری ژنەکە، دوای ئەوەی پیاوەکە ژنەکەی بردووەتەوە ماڵی دایکی، لەوێ بووە بە دەمەقاڵییان و بە بەرچاوی دایک و خوشکەکانییەوە ژنەکەی دەداتە بەر گوللـە و دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات".

بەگوتەی هۆگر عەزیز: "پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزاکانی عێراق پیاوەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە".