رووداو - دوکان
رۆژی هەینی خێزانێکی خەڵکی شارۆچکەی دوکان بۆ خۆفێنککردنەوە دەچنە ئاوی دەریاچەکە، کچێکی خێزانەکە دەکەوێتە قوڵایی ئاوەکەوە دایکی و یەکێکی دیکە دەیانەوێت رزگاری بکەن، بەڵام دایکی کچەکەش دەکەوێتە چاڵەکەوە و دەخنکێن.
دوو رۆژە ئەم رووداوە لەدەریاچەی دوکان روویداوە و ئێستا پرسەکەیان بەڕێوەدەچێت، مەلا بەکر کە هاوژین و کچەکەی بوونەتە قوربانی رووداوەکە پێیوایە نەبوونی رێنمایی گەشتیاری و نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ گەشتیار هۆکاری رووداوەکەیە.
ئەبوبەکر سابیر، هاوسەر و باوکی قوربانییەکان بە رووداوی راگەیاند: "سەرەتا یەکێک چووە ئاوەکەوە لە دەریاچەش تەنکایی نییە، لەناکاو رۆدەچێت، یەکێکمان رۆچووە ئاوەکەوە دووانەکەی دیکە ویستیان بەهانایەوە بچن، ئیدی خۆم یەکێکیانم دەرهێنایەوە و ئەو دووانەی دیکەمان خنکان".
ساڵی رابردوو لەماوەی پێنج مانگ 16 کەس خنکابوون و 16 حاڵەتی بەهاناوەچوون هەبوون، بەڵام ئەمساڵ لەماوەی کەمتر لەدوو مانگ تاوەکو ئێستا هەشت کەس خنکاون نزیکەی 20 حاڵەتی رزگاربوونیش تۆمارکراون.
بەرگریی شارستانی بۆ تەواوی ئەو ناوچە گەشتیارییانە تەنیا 18 کارمەندیان هەن، رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی دەڵێت: "تیمی مەلەوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چوار تیمن، ژمارەی کارمەندەکانمان هەژدەیە، دابەشبوون بەسەر هەر چوار ناوچەی دوکان و دەربەندیخان و ئاغجەلەر و چەمچەماڵ، ئەم تیمانە راهێنانیان پێکراوە".
بەهۆی زۆری رووداوەکانی خنکانەوە یەکەی ئیداری قەزای دوکان چەند رێوشوێنێکی تووند لە ناوچە گەشتیارییەکان و کەپرەکانی سەر زێی بچووک دەگرنەبەر.
زۆرترین ئەو کەسانەی لە دەریاچە و زێی دوکان و ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان دەبنە قوربانی گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن و نەبوونی شارەزاییان بە جوگرافیای ناوچەکە و پابەند نەبوون بەرێنماییە گەشتیارییەکان ساڵانە هۆکاری ئەو رووداوانەن.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ