کەشناسێک: کەشێکی تا رادەیەک فێنك روو لە هەرێمی کوردستان دەکات

22-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسێک دەڵێت، پێشبینی دەکرێت کەشێکی تا رادەیەک فێنک روو لە هەرێمی کوردستان بکات و ئەگەری بارانبارینیش لە هەندێک ناوچە هەیە. کەشناسیی عێراقیش دەڵێ، ئەمڕۆ گەرمای هەندێک شاری عێراق 50 پلە تێدەپەڕێنێت.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، رۆژی شەممە 22-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سبەیەوە باراستە هەوایەکی کەمێک فێنک لە دەریای نێوەڕاستەوە روو لە بەشێکی سووریا و رۆژئاوای عێراق دەکات. ئاسمانی ناوچەکە نیچمە هەور دەبێ و ئەگەری هەیە لە هەندێک شوێن هەورە برووسکە و باران بە کەمی ببارێ، بەتایبەتی لە ناوچەی شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران و راپەڕین."
 
ئاراس جەبار دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ دوو سبەی کاریگەری ئەو باراستە هەوایە دەگاتە هەرێمی کوردستان و پلەی گەرما 3 بۆ 4 پلە دادەبەزێ و کاریگەریشی تاوەکو 26 مانگ دەمێنێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاژێرى بڵاوکردەوە.
 
بە گوێرەی پێشبینییەکە، ئەمڕۆ ئاسمان بە زۆری ساماڵ دەبێ، لەگەڵ دروستبوونی هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا و پلەی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی دوێنێ. رۆژی هەینی پلەی گەرمای ناوچەکانی باشووری کوردستان بەم شێوەیە بوو:
 
هەولێر: 45 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 40 پلەی سیلیزی
دهۆک: 43 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 46 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: 44 پلەی سیلیزی 
زاخۆ: 45 پلەی سیلیزی 
سۆران: 41 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 48 پلەی سیلیزی 
 
هەروەها بۆ سبەی یەکشەممە، پێشبینی دەکرێت ئاسمان ساماڵ بێ لەگەڵ هەبوونی هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا و  پلەی گەرما نزیک دەبێ لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ.
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی:
 
هەولێر: 45 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 42 پلەی سیلیزی
دهۆک: 43 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 46 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: 43 پلەی سیلیزی 
زاخۆ: 44 پلەی سیلیزی 
سۆران: 41 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 47 پلەی سیلیزی 
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ عامر جابری،گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی نزمەپاڵەپەستۆییەکی گەرمیی وەرزی بوونەتەوە کە سەرچاوەکەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایە، ئەوەش پلەی گەرمای لە 45 پلەوە بۆ نزیکەی 50 پلە لە هەندێک شوێن و تەنانەت زیاتریش بەرزکردووەتەوە.
 
عامر جابری گوتی، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ پلەی گەرما بەم جۆرە بێت: ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 41 پلە و 46 پلەی سیلیزی بن؛ ناوچەکانی نێوەڕاستی عێراق لەنێوان 47 بۆ 50 پلە بن؛ ناوچەکانی باشووری عێراق لەنێوان 49 بۆ 51 پلە بن.
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی بوومەلەرزەزانیی عێراق گوتی، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ لە واست، نەجەف و سەماوە پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی بێت؛ لە بەسرە، زیقار و میسانیش بگاتە 51 پلە.
 
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ شەممە لە هەندێکی شوێنی شەش پارێزگای عێراق پلەی گەرما لە 50 زیاتر بێت:
 
- بەسرە: 51 پلە
- زیقار: 51 پلە 
- میسان: 51 پلە
- واست: 50 پلە
- موسەننا: 50 پلە
- نەجەف: 50 پلە 
- دیوانیە: 49 پلە
- ئەنبار: 47 پلە
- دیالە: 47 پلە 
- بەغدا: 49 پلە 
- بابل: 49 پلە
- کەربەلا: 49 پلە
- سەڵاحەدین: 48 پلە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە