هاوسەرۆکی دەم پارتی: ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاگرەکەی ئامەد و مێردین گیانیان لەدەستداوە بۆ 14 کەس بەرزبووەتەوە

22-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەی ئامەد و مێردینەوە بۆ 14 کەس بەرزبووەتەوە و داوا لە حکومەتی تورکیاش دەکات ئەو دوو شوێنە بە ناوچەی کارەساتبار رابگەیێنێت. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 22ـی حوزەیرانی 2024، تولای هاتیمئۆغوللاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی ئەو هەشت گوندەی سەر بە قەزای چناریان لە ئامەدی باکووری کوردستان کرد، کە نیوەشەوی 20ـی مانگ ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەوتەوە. 
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەر لەوێ لە پرسەی ئەو هاونیشتمانییانەی گیانیان لەدەستداوە، ئامادەبوون و دواتر سەردانی نەخۆشخانەیان کرد بۆ هەواڵپرسینی دۆخی بریندارەکان. 
 
تونجەر باکرهان گوتی، ئەمڕۆ یەکێکی دیکە لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا و بەو جۆرەش ژمارەی مردووان بۆ 14 کەس بەرزبووەوەوە؛ باسی لەوەشکرد، وەزارەتی ناوخۆ پاساو بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دەهێنێتەوە بەوەی پووش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان سووتاوە و گوتی: "شاهێد هەیە دەڵێت، کێبڵی ستوونەکانی کارەبا پچڕاوە و شۆرتی کارەبای لەنێو دەخڵ و دانەکان دروستکردووە، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە. هیچ بەڵگەیەک نییە کە سووتانی پووش و پاوان سەرچاوەی ئاگرکەوتنەوەکە بووبێت." 
 
باکرهان داوای لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئامەد کرد، لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردتر بکەن و گوتەی شایەتەکان وەربگرن، ئاماژەی بەوەش کرد "کۆمپانیای بەرهەمهێنان و دابەشکردنی تەزووی کارەبای ئەنادۆڵ (دێداش) دەیان ساڵە لە رێگەی ستوونی دارەوە کێبڵی کارەبای بۆ گوند و کێڵگەکان راکێشاوە و، هەموو کات سزای کوردی داوە و کارەبای بڕیوە، بەڵام ئامادە نەبووە بۆ جارێکیش ئەو کێبڵانە بگۆڕێت."
 
باکرهان داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، ئەو ناوچانەی ئامەد و مێردین بە ناوچەی کارەساتبار رابگەیێنێت و بەزووترین کات قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە، سزای لایەنی کەمتەرخەمیش بدات. 
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی تووندی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی تورکیا گرت و رایگەیاند "دوای چەند کاژێرێک لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، ئینجا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە چوونە ناوچەکە و فڕۆکە و هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەیشیان نەنارد. بەڵام دوو گەنجی کورد لە چیاکاندا دەبینن، دەستبەجێ بۆ کوشتنیان فڕۆکەی ئێف-16 دەنێرن؛ فڕۆکە و هێلیکۆپتەر بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دەخڵودانی کورد نانێرن." 
 
تولای هاتیمئۆغوللاریش ئاماژەی بە خراپی دۆخی ژمارەیەک لە بریندارەکان کرد و هیوای خواست ژمارەی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانیان لە 14 زیاتر نەبێت؛ گوتیشی "بەپێی زانیارییەکانمان؛ 55 هێکتار زەویی جووتیارانمان سووتاوە، کە 35 هێکتاریان دروێنە نەکرابوو." 
 
هاتیمئۆغوللاری پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی کۆمپانیای (دێداش) کرد و رایگەیاند، 37 ساڵە کێبڵ و ستوونی کارەبا نۆژەن نەکراونەتەوە و تەنانەت ستوونەکانیش دارن، کەرەستە و ئامرازەکانیش زۆر کۆن و شیاوی بەکارهێنان نەبوون، بەڵام ئەوان بەکاریان هێناون. 
 
ئەوە لە کاتێكدایە، هێشتا وەزارەتی تەندروستیی تورکیا ئەو ئامارەی پشتڕاستنەکردوەتەوە. 
 
نیوەشەوی 20ـی مانگ، ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کەوتەوە. ئاگرەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوو.
  
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە دەستیپێکردووە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە