دارستان و پاوانی دهۆک: 25%ی ئەو ئاگرانەی لە دارستانەکان دەکەونەوە بە ئەنقەستن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای دهۆک زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆنم دارستانی هەیە و ساڵانە بە هۆکاری جۆراوجۆر ئاگر لەو دارستانانە دەکەوێتەوە، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک دەڵێت، 25%ی ئەو ئاگرانە، بە ئەنقەستن.
 
رۆژی چوارشەممە 21ی حوزەیرانی 2023 کاوە سەبری، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، "ساڵی 2022 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ژینگە و دارستانەکانی دهۆک لەچاو ساڵانی پێشووتر زۆر کەم بوو، نزیکەی 2100 دۆنم زەوی سووتان، بەڵام ساڵی 2021 نزیکەی 26 هەزار دۆنم زەوی سووتابوون."
 
کاوە سەبری پێیوایە ئەمساڵ مەترسیی زۆر گەورە لەسەر ژینگەی دهۆک هەیە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، بارانی باش باریوە و گژوگیایەکی زۆر شین بووە، بەگوێرەی لێکدانەوەکانیان کاتێک ئەو گژوگیا زۆرە وشک دەبێتەوە، مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە ژینگە چەند هێندە زیاد دەکات، بۆیە بەر لە دەستپێکی وەرزی هاوین لە پارێزگای دهۆک ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیان پێکهێناوە و ئامادەکارییان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوە.
 
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک دەڵێت، "لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی رێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و لەو شوێنانەی مەترسییەکە بەهێزە، هێڵی ئاگربڕمان دروستکردووە."
 
بە گوتەی کاوە سەبری؛ ئەمساڵ چەند جارێک ئاگر لە دارستانەکان کەوتووەتەوە، بەڵام خێرا فریاکەتوون و توانیویانە کۆنتڕۆڵیان بکەن. گوتیشی، "ئەو شوێنانەش، کە ئێمە پێمانوایە مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیان لەسەرە، دەوروبەری کۆمەڵگەکان و ئەو ناوچانەن کە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا تێیاندا روودەدەن."
 
لەبارەی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگای دهۆک، کاوە سەبری ئاماژەی بەوە کرد، "زیاتر لە 25%ی ئەو ئاگرانەی لە دارستانەکانی پارێزگای دهۆک کەوتوونەتەوە، بە ئەنقەست بوون، لەناویاندا هەندێک کەس هەن کە بە ئەنقەست دارستانیان سووتاندووە بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکەی کشتوکاڵ بکەن."